بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی 2723ی کوردیەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە هەموو كوردستانیان دەكەین . ئومێدەوارین جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێ، کۆتایی ناخۆشی و ناهەموارییەکان بێ، نەورۆزی بەرەنگاربوونەوەی چەوساندنەوە و ستەمکاریی و چەسپاندنی بنەماکانی دادپەروەری و سەقامگیریی سیاسی و بەدەنگەوەچوونی داخوازییەکانی خەڵک بێ لە کوردستاندا.
جەژنی نەورۆز هاندەر بێ بۆ بەلاوەنانی ناکۆکییە لاوەکیەکان و تەبایی و یەکڕیزیی کوردستانی و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان لە ڕێگەی پێکەوە دانیشتن و دیالۆگی بەردەوامەوە. هەروەک داخوازی لە خەڵكی كوردستان دەکەین جەژنی نەتەوەیی نەورۆز هاندەرمان بێ، بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان.
مەکتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
20 ی ئاداری 2023