پارتی سەوزی چەپ بۆ هەڵبژاردنی توركیا جێگەی هەدەپەی گرتەوە

هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان – هەدەپە لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا ڕایگەیاند، داخستنی هەدەپە یەكێكە لە ئەگەرەكان و چارەنوسی گەلەكەمان ناخەینە مەترسییەوە، دەشڵێت: لەم هەڵبژاردنەدا بەناوی پارتی سەوزی چەپ بەشداری لەهەڵبژاردنەکاندا دەکەین.

میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان – هەدەپە لە نوێ ترین چاوپێكەوتنی تەلەفزیۆنیدا، كە شەوی ڕابردوو بڵاوكرایەوە وتی: بەو پێیەی داخستنی هەدەپە بوەتە یەکێک لە ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکان، ئەوا ئێمە چارەنوسی گەلەکەمان ناخەینە مەترسییەوە و بۆیە بۆ ئەم هەڵبژاردنە، لەسەر ناوی پارتی چەپی سەوز کاندیدەکانمان دیاری دەکەین و هەڵبژاردنەکان ئەنجام دەدەین.

هاوسەرۆكی هەدەپە وتیشی: ئێمە لەم هەڵبژاردنەدا لەنێو هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادی، لە ٨٢ پارێزگای تورکیا، لەژێر ناوی پارتی چەپی سەوزەوە خۆمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان ئامادە دەکەین، ئامانجیشمان بردنەوەی زیاتر لە ١٠٠ کورسیە لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاردا.

بڕیارەکەی هەدەپە لە کاتێکدایە، هەدەپە لە ١٥ی ئاداردا سەردانی دادگای دەستووریی کرد و ڕایگەیاند، ئەستەمە بەهۆی بومەلەرزەکەوە بتوانن پارێزگاریی زارەکی لە خۆیان بکەن و بەهۆی کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردن داوایکردبوو، دانیشتن لەسەر دۆزی داخستنی دوابخرێت، بەڵام دوێنێ دادگای دەستووریی تورکیا داواکارییەکەی هەدەپەی بۆ دواخستنی دۆزەکە ڕەتکردەوە.

ساڵی ٢٠٢١، بەكر شاهین، سەرۆكی كۆماری دادگای باڵای توركیا، بە بیانوی هەم لێدوانەكان و هەم چالاكییەكانی هەدەپە، كە ئامانج لێی پارچەكردنی دەوڵەتە لە دادگای دەستوری توركیا سكاڵای لەسەر پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە تۆمار كرد.
رۆژنیوز

پەیوەندیدار