راوێژکاری پێشووتری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جۆن بۆڵتۆن رایگەیاند، لەوانەیە بڕیاری سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین جیددی بێت بۆ جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمی تەکتیکی لە بێلاڕووس.
جۆن بۆڵتۆن کە لە سەردەمی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بە تەلەڤیزیۆنی “CNN”ی راگەیاندبوو، لەوانەیە پوتین پێشتر چەکی ئەتۆمی وەک هەڕەشە بەکار هێنابێت، گوتی: “بەڵام لەوانەیە بە جیددی بێت. دەتوانێت بە کردەیی چەکی ئەتۆمی لە بێلاڕووس جێگیر بکات”.
راوێژکاری پێشووتری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە وەک پێویست ئەگەری لکاندنی بێلاڕووس بە خاکی رووسیاوە کە بەشێک بووە لە یەکێتیی سۆڤیەت بە هەند وەرنەگیراوە، گوتی: “بەڵام من لەو باوەڕەدام ئەگەر (پوتین) ئەمەیش بکات، جیاوازییەکی زۆری نابێت، چونکە لە کالینینگراد کەلوپەلی پێویستی ئەتۆمی، مووشەک، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و کەلوپەل و پێداویستی جەنگیی هەن”.
جۆن بۆڵتۆن ئاماژەی بەوە دا کە ئەو توانایانەی رووسیا لە کالینینگراد هەنی، هەڕەشەئامێزترینیانن، گوتی: “پێموایە جووڵەکردن بە هەندێک چەکی ئەتۆمی تاکتیکی و پێشخستنی رێساکان بۆ ئەمە لەوانەیە هاوسەنگی تێک بدات”.
٢٥ی ئادار سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بە ئاماژەدان بەوەی چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی لە بێلاڕووس جێگیر دەکەن، گوتی: “ئەمە بە جۆرێک ئەنجام دەدەین کە ئەرکە نێودەوڵەتییەکانمان بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکە ئەتۆمییەکان پێشێل نەکات”.
ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپایش ئەم بڕیارەی رووسیایان بە “نابەرپرسیارانە” لەقەڵەم دا. لای خۆیشیەوە ئەمریکا بە ئاماژەدان بەوەی کە لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکان دەکەن، سەرنجی خستە سەر ئەوەی هیچ ئاماژەیەکیان نەدیووە پوتین باس لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بکات.