وەزارەتی نەوتی عێراق: حکومەتی عێراق کاردەکات لەسەر دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق کاردەکات لەسەر دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەخێرایی، چونکە راگرتنەکە زیانی بۆ ئابوری وڵات ھەیە.

عاسم جیھاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوت پابەندن بە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەو ھەناردەیە بۆ ھەموو عێراق زۆر گرنگە.

راشیگەیاند، ئامانجی عێراق زیادکردنی داھاتە نەوتییەکانە، جا لە ڕێی کێڵگەکانی باشور و ناوەڕاستەوە بێت یاخود کێڵگەکانی ھەرێمی کوردستان، وەفدێکی ھەرێمی کوردستانیش سەردانی بەغدادیان کردووە و گفتوگۆیان کردووە لەپێناو خێرا دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ھەناردەکردن.

بە وتەی عاسم جیھاد، دواکەوتنی ھەناردەکردن زیان بە ئابوری نیشتمانی و پڕۆژەیاسای بودجە و داھاتی نەوت دەگەیەنێت، لەگەڵئەوەشدا حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوت و ھەرێمی کوردستانیش پابەندن بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی پاریس.

پەیوەندیدار