پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان دوای کردنەوەی باڵوێزخانەی ئازەربایجان لە تەلئەبیب ئاڵۆزتر بووە.
جیحون بایرامۆڤ وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان و ئێلی کۆهین هاوتا ئیسرائیلییەکەی لە ڕیوڕەسمی کردنەوەی باڵوێزخانەی ئازەربایجان لە ئیسرائیل ئامادەی بوون و کۆهین ئازەربایجانی بە “هاوبەشی ستراتیژی ئیسرائیل” ناوبرد.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە دیدارەکەی لەگەڵ هاوتا ئازەرییەکەی گوتی “ئیسرائیل و ئازەربایجان یەک تێگەیشتنیان لە هەڕەشەکانی ئێران هەیە” و گوتیشی “کۆماری ئیسلامی هەڕەشە لە ناوچەکانمان دەکات و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیر دەکات”.
دوای دوو ڕۆژ لە کۆبوونەوەکەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەگەڵ هاوتا ئازەرییەکەی ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کاردانەوەی بەرامبەر بە قسەی وەزیرانی دەرەوەی ئیسرائیل و ئازەربایجان نیشان دا و ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بە “پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی دژە ئێران”.
کەنعانی قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان سەبارەت بە “قۆناغی نوێی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی” نێوان ئازەربایجان و ئیسرائیلی بە پشتڕاستکردنەوەی ئاراستەی دژە ئێرانی ناوبرد بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و داوای ڕوونکردنەوەی لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئازەربایجان کرد.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە “پەیوەندی مێژوویی و ئایینی خەڵکی ئێران و ئازەربایجان” کرد و هۆشداریدا و گوتی “چاوەڕوان دەکرێت حکوومەتی ئازەربایجان خۆی لەو تەڵەیە بەدوور بگرێت کە دوژمنانی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بۆیان ڕاخستوە.
کەنعانی هەروەها گوتی “کۆماری ئیسلامی ئێران ناتوانێت لە پیلانگێڕیی ئیسرائیل دژی وڵاتەکەی لە ڕێگای بەکارهێنانی خاکی ئازەربایجانەوە بێباک بێت.”
ئازەربایجان و ئیسرائیل مێژووی هاوکاری سەربازیان هەیە و لە ئەگەری هێرشی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پێدەچێت فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە بۆ وەرگرتنی سووتەمەنی ئازەربایجان بکار بهێنن.
لەگەڵ ئەوەشدا موختار مەمەدۆڤ، یەکەم باڵوێزخانەی ئازەربایجان لە ئیسرائیل پێشتر بە ڕۆژنامەی (ئۆڕۆشەلیم پۆست)ی ڕاگەیاندبوو کە سوپای ئیسرائیل ناتوانێت وڵاتەکەی بەکاربهێنێت بۆ سووتەمەنی وەرگرتنی فڕۆکەکانی لە هەر هێرشێکی سەربازی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
وەزیری دەرەوە ئیسرائیل هەروەها گوتی ” پێویسته پێکەوە هەنگاو بنێین بۆ ئەوەی ڕێگری لە ئێران لەبەدەستهێنانی چەکی ناوکی بکەین.
ئیسرائیل یەکێک بوو لە یەکەم وڵاتان کە لە ساڵی 1991دا دانی بە سەربەخۆیی ئازەربایجاندا نا.
بایرامۆڤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ کۆهین باسی ئێرانی نەکرد.
وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان ئاماژەی بەوکرد کە لەگەڵ کردنەوەی باڵوێزخانەی ئازەربایجان لە تەلئەبیب، هەردوو وڵات چوونەتە قۆناغێکی نوێی باشتر لە پەیوەندییەکانیان، بەتایبەتی لە بواری زیادکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە کە 114 کۆمپانیای ئیسرائیلی لە وڵاتەکەیدا کاردەکەن و ئازەربایجان 30%ی نەوتی ئیسرائیل دابین دەکات.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا