باڵوێزی ئێران لە عێراق ڕایدەگەیەنێت حکومەتی بەغدا بەهۆی هاوردەکردنی کارەبا و گازی ئێرانەوە، 11 ملیار دۆلار قەرزاری تارانە.
لەدوای سەپاندنی سزاکانی ئەمەریکا لە ساڵی 2018ـەوە، عێراق تەنیا بۆی هەیە پارەی گاز و کارەبای هاوردەکراو لە ئێرانەوە بە دیناری عێراقی بدات. حکومەتی بەغدا ئەو پارەیە لە ڕێگەی بانکی بازرگانی عێراقییەوە بە دینار دەگوازێتەوە بۆ سەر حسابی بانکی ناوەندی ئێران و ئێرانیش تەنیا بۆی هەیە ئەو پارەیە بۆ هاوردەکردنی کەلوپەل لە خوودی عێراقەوە بەکاربهێنێت.
بەهۆی هاوسەنگ نەبوونی بازرگانی ئەو دوو وڵاتە و سەروەت و سامانی بەکارنەهێنراوی ئێران کە بەهۆی هەناردەکردنی کارەبا و گازەوە کۆبووەتەوە، کۆماری ئیسلامی حکومەتی عێراق بە قەرزدار دەزانێت.
ڕۆژی شەممە، 1ی مانگی چوار، محەمەد کازم ئەلسادق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی عێراق گوتی ” قەیرانی وشکەساڵی لە عێراق هیچ پەیوەندییەکی بە بڕینی ڕێڕەوی ڕووبارەکانی ئێرانەوە بۆ ناو خاکی عێراق نییە.”
حکوومەتی عێراق چەندین جار ڕەخنەی لە بڕینی ئاوی ڕووبارەکان لە لایەن ئێرانەوە گرتووە و خوازیاری دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بووە و بە گوتەی دەسەڵاتدارانی عێراق، ئێران خۆی لە دانوستان لەو بارەیەوە بەدوور گرتوە.
باڵوێزی ئێران لە عێراق ڕایدەگەیەنێت وشکەساڵی عێراق پەیوەندی بە ئێرانەوە نییە و تەنها 8-10%ی ئەو ئاوەی پێویستی پێیەتی لە ئێرانەوە دێت. بە گوتەی ناوبراو 80%ی ئاوی ئەو ڕووبارانەی دەڕوەنە ناو عێراق، لە تورکیاوە دێت.
محەممەد کازم ئەلسادق لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە ئێران خۆی لەبەردەم کێشەی وشکەساڵی و کەمی ئاودایە.
سەرچاوە/ڕادیۆ فەردا