داهات و هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق له‌ مانگی ڕابردوو زیادی كردووه‌

داهاتی نه‌وتی عێراق له‌ مانگی ئاداری رابردوودا به‌راورد به‌ مانگی شوبات، به‌ رێژه‌ی 4.56% زیادی كردووه‌، هاوكات قه‌باره‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتیش به‌ڕِێژه‌ی 9.38% زیادی كردووه‌.

به‌گوێره‌ی مێدڵست نیوز، كۆی داهاتی نه‌وتی عێراق له‌و مانگه‌دا بریتی بووه‌ له‌ حه‌وت ملیار و 404 ملیۆن دۆلار، له‌ كاتێكدا له‌ مانگی شوبات حه‌وت ملیار و 81 ملیۆن دۆلاری ده‌ستكه‌وتبوو.

كۆی قه‌باره‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق له‌ مانگی ئاداردا گه‌یشته‌ 100 ملیۆن و 913 هه‌زار به‌رمیل، له‌ كاتێكدا قه‌باره‌ی هه‌نارده‌كه‌ له‌ مانگی شوبات بریتی بوو له‌ 92 ملیۆن و 255 هه‌زار به‌رمیل.

پێویسته‌ بگوترێ هۆكاری زیادبوونی فرۆشتن و داهاتی نه‌وت له‌ مانگی ئاداردا به‌راورد به‌ مانگی شوبات، بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ مانگی شوبات 28 رۆژ بوو، به‌ڵام مانگی ئادار 31 رۆژ بوو. ئه‌گه‌ر به‌ تێكڕا هه‌نارده‌ی نه‌وتی رۆژانه‌ له‌به‌رچاو بگرین، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت هه‌نارده‌ی رۆژانه‌ی نه‌وت له‌ مانگی شوباتدا زیاتر بووه‌ له‌ مانگی ئادار.

له‌ مانگی ئاداردا عێراق به‌ تێكڕا رۆژانه‌ سێ ملیۆن و 255 هه‌زار به‌رمیلی هه‌نارده‌ كردووه‌، له‌ كاتێكدا له‌ مانگی شوبات رۆژانه‌ سێ ملیۆن و 294 هه‌زار به‌رمیلی هه‌نارده‌ ده‌كرد

پەیوەندیدار