لە رەشنووسی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023؛ نزیکەی 86 تریلیۆن و 955 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران (مەدەنی و سەربازی) و چاودێریی کۆمەڵایەتی تەرخانکراوە. شارەزایەکی ئابووری دەڵێت، عێراق زیاتر لە 4 ملیۆن و 96 هەزار مووچەخۆری هەیە، کە بەراورد بە دانیشتووانەکەی زۆرە.
رۆژی چوارشەممە، 5-4-2023، د. نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری و مامۆستای زانکۆ لەبارەی ئەو پارەیەی لەنێو رەشنووسی بودجەی گشتیی عێراق بۆ مووچە تەرخانکراوە، رایگەیاندوە: “پارەیەکی یەکجار زۆرە، هۆکارەکەشی ئەوەیە لە عێراق دامەزراندن بە پلان ناکرێت، بۆیە ئێستا کە خاوەنی زیاتر لە چوار ملیۆن و 96 هەزار مووچەخۆرین، دەبێت رێگە لە زیادکردنی بگیرێت.”
بەپێی بەدواداچوونەكان لە کۆی 199 تریلیۆن و 22 ملیار و 11 ملیۆن و 663 هەزار دیناری بودجەی عێراق، بڕی 59 تریلیۆن و 14 ملیار و 491 ملیۆن و 618 هەزار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆران دیاریکراوە، هەروەها بڕی 27 تریلیۆن و 941 ملیار و 130 ملیۆن و 794 هەزار دینار بۆ چاودێریی کۆمەڵایەتی تەرخانکراوە.