مەزڵوم كۆبانێ: تورکیا لە سلێمانی کاروانی ئێمە و هاوبەشە ئەمریکییەکانمانی کردۆتە ئامانج

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەمڕۆ یەکشەممە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند ڕۆژی هەینی لە کاتی هێرشە درۆنییەکەی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانە ئەو لە سلێمانی بووە و ئامانج لە هێرشەکە ئەوو هاوبەشە ئەمەریکییەکانی بووە.

مەزڵووم كۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ، لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا باسی لە وردەکارییەکانی هێرشی درۆنیی رۆژی هەینی بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی کرد و گوتی “لەدوای ئەوەی کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە شەڕی دژی داعش لە شاری سلێمانی کۆتاییهات، دوای نیوەڕۆ کاتێک دەگەڕاینەوە، ئەو کاروانەی ئێمەی تێدابوو، هاوبەشە ئەمریکییەکانمان و هێزی دژەتیرۆریشی تێدابوو. ئەوکاتە درۆنی چاودرێریی تورکیا هاتنە شوێنەکە، بەڵام هێرشەکەیان بێ ئەنجام بوو و شکستی هێنا”.

وتیشی،”دەوڵەتی تورکیا بەم هێرشانە دەیەوێت ئەم شەڕە هاوبەشە کە ئێمە لەگەڵ هاوبەشەکانمان دەیکەین، چ هاوبەشە هەرێمییەکانمان، هێزە کوردستانییەکان، دەوڵەتی عێراق بێت، یانیش هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان بێت، دەیەوێت شکست بەم تێکۆشانە بهێنێت.”

باسی لەوەشکرد، “تورکیا بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هێزە کوردستانییەکان سەخڵەت بووە. هەر شتێکیش کە لەدەستی بێت، دەیکات بۆ ئەوەی گورز لەم پەیوەندییانە بدات و نەیهێڵێت، بەتایبەتیش بۆ پچڕاندنی پەیوەندیی نێوان گەلی رۆژئاڤا لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان. هەر لەسەر ئەم بنەمایە، لە شاری سلێمانی کاروانی ئێمەیان بە ئامانج گرت”.

هاوکات بەرپرسێکی ئەمەریکی بۆ ئاژانسی ڕیوتەرزی پشتڕاست کردەوە کە هێرشێک بۆ سەر کاروانێک لە ناوچەکە هەبووە و کارمەندانی سەربازی ئەمەریکا لەوێ بوون، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

لای خۆشیەوە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکاش لەبارەی هێرشەکە رایگەیاندبوو سێ هاووڵاتیی ئەمریکی لەگەڵ ئەو کاروانەدا بوون کە کراوەتە ئامانج و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیش کە ئەمەریکا پشتیوانی لێدەکات ڕۆژی شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند سەرۆکی هێزەکانی سوریای دیموکرات مەزڵوم عەبدی لە فڕۆکەخانەکە بووە لە کاتی هێرشەکەدا بەڵام “هیچ زیانێکی پێنەگەیشتووە.”

سەبارەت بە هێرشەکە بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری تورکیا بە ڕۆیتەرزی وت هیچ ئۆپەراسیۆنێکی هێزە چەکدارەکانی تورکیا ڕۆژی هەینی لەو ناوچەیەدا ڕووی نەداوە.

هەروەها حکومەتی عێراق ڕۆژی شەممە داوای لە تورکیا کرد داوای لێبوردن بکات بەهۆی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی لە باکوری عێراق و دەڵێت پێویستە ئەنقەرە واز لە دوژمنکاری لەسەر خاکی عێراق بهێنێت.

سەرۆکایەتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند تورکیا هیچ پاساوێکی یاسایی نییە بۆ بەردەوامبوون لە “تۆقاندنی خەڵکی مەدەنی بە بیانووی ئەوەی هێزە دوژمنکارانەکان لەسەر خاکی عێراق بوونیان هەیە.”

باسلەوەشدەکات، “لەم بارەیەوە داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەین بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و داوای لێبوردنی فەرمی بکات.”

هاوڵاتی

پەیوەندیدار