ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی بڵاویکردەوە، تائێستا ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستیپێنەکردووەتەوە و دانوستانی نێوان عێراق و تورکیا بەردەوامە و تورکیا سەرقاڵی چاککردنەوەی بۆرییەکانە.
لێپرسراوێکی عێراقی کە ناوەکەی ئاشکرانەکردووە بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ھێشتا راوەستاوە و دەستیپێنەکردووەتەوە، دانوستانەکانی نێوان بەغداد و حکومەتی تورکیاش بۆ کردنەوەی ھێڵە نەوتییەکانی ھەردوو وڵات بەردەوامی ھەیە.
ئەو لێپرسراوە ئاماژەی بەوەشدا، بەغداد لەپاڵ دانوستانەکانی لەگەڵ ئەنقەرە، دانوستان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەکات، تورکیاش سەرقاڵی چاککردنەوەی ھێڵی بۆری نەوتەکەیە لە ھەردوو دیوی سنور، لەگەڵ ھەندێک لە عەمبارەکانی گلدانەوەی نەوت.
دەشڵێت، لێپرسراوانی تورکیا بەنیازی گفتوگۆن لەبارەی ئەو قەرەبووەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی سەپاندوویەتی بەسەر ئەنقەرەدا، کە بڕەکەی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە، دەیەوێت پێش دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت ئەو پرسە چارەسەر بکات، بەڵام تائێستا حکومەتی تورکیا باسی ئەوەینەکردووە کە ھەوڵی کەمکردنەوەی قەرەبووەکە دەدات یاخود میکانیزمێک بۆ دانەوەی قەرەبووەکەی دیاریبکات.
بلومبێرگ ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە سەرباری رێککەوتنی بەغداد و ھەرێم لەبارەی ھەناردەکردنی نەوت، بەڵام ھەندێک وردەکاری لەسەر چۆنیەتی فرۆشتنی نەوت چارەسەرنەکراوە.