بەیاننامەی لقی گەرمیانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بەبۆنەی یادی ( 35 ) ساڵەی تاوانی ئەنفال و قۆناغی سێێەمی ئەنفالی ناوچەی گەرمیان
ساڵی 1988 ڕژێمی لە ناوچووی بەعس بە فەرمانی سەرۆکە لە گۆڕنراوەکەی ( سەدام حسێن ) پیلانی لە ناوبردنی گەلی کوردی لە کوردستانی عێراق لە چوار چێوەی پرۆسەیەکی بەدناو بەناوی ( پرۆسەی ئەنفال ) و بە 8 قۆناغ و لە ماوەی 4 مانگدا جێبەجێێکرد و لە ئەنجامی ئەو تاوانە گەورەیە 182000
مرۆڤی بێتاوانی کورد لە هەموو تەمەنەکان و لە هەردوو ڕەگەز بوونە قوربانی و بە هەزاران گوندی کوردستان خاپوور
کران و سەرچاوەی بژێوی خەڵکەکەی لە ناوبران و تاڵانکران،یەکێک لە قۆناغەکانی ئەم تاوانە گەورەیەش لە ناوچەکەی ئێمە ” ناوچەی گەرمیان ” ئەنجامدرا کە بە قۆناغی سێێەمی ئەنفال دەناسرێت و لە ڕێکەووتی : 7 ـ 4 تاکو 20 ـ 4 درێژەی کێشا و بە هەزاران خەڵکی ئەم ناوچەیە لە گوندی ملە سورە کۆکرانەوە و دەستبەسەرکران و دواتر بە ئۆتۆمبێلی سەربازی گواسترانەوە بۆ زیندان و گرتووخانەکانی : قۆرەتوو و تۆبزاوە و نوگرە سەلمان و تاکو ئێستاش بێسەر و شوێنن.
ئەنجامدارانی ئەم تاوانە گەورەیەش تەنها سوپا دڕندە و دام و دەزگا هەواڵگری و داپڵۆسێنەرەکانی بەعسی شۆڤێنی نەبوون،بەڵکو بەکرێگیراوە کوردەکان [ جاش ] کە لە چوار چێوەی فەوجە سووکەکان کە لای ڕژێم بە فەوجەکانی بەرگری نشتیمانی ناوزەد کرابوون ڕۆڵێکی خراپیان گێڕا لە چاوساغی سوپا دڕندەکەی بەعس و بەگرتدانی خەڵکی بێتاوان و بردنی ماڵ و سامانی دانیشتوانی گوندە ئەنفالکراوەکان…
لقی گەرمیانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە یادی ۳٥ ساڵەی ئەنجامدانی ئەم تاوانە گەورەیەدا داوا دەکات :
یەکەم : دۆسیەی ئەم تاوانە بخرێتە بەردەم نێوەندە یاسایی و بڕیار بەدەستەکانی جیهان ( نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا،دادگای دادی نێودەوڵەتی،سۆسیال ئەنتەر ناسیۆنال،یەکێتی وڵاتانی ئەفریقا،کۆنگرەی وڵاتانی ئیسلامی….هتد ) بۆ ئەوەی ئەو تاوانانە بە فەرمی بە جینۆساید بناسرێن و ئەنجامدەرانیان ئیدانە و تاوانبار بکرێن و سزا بدرێن …
دووەم : دەبێ دەوڵەتی عێراق بەفەرمی داوای لێبووردن لە گەلی کوردستان بکات کە بەناوی ئەوەوە و لە چوار چێوەی دەوڵەتی بەفەرمی ناسراوی عێراقدا ئەو تاوانانە دەرهەق بە گەلێکی ژێر دەستە ئەنجامدراون …
سێێەم : هەموو زیانە مادی و مەعنەوییەکانی قوربانیانی ئەو تاوانە قەرەبوو بکرێنەوە…
چوارەم : دامەزراندنی سەنتەرێکی تایبەت بە توێژینەوەی ئەنفال و پرۆسەکانی پاکتاوی ڕەگەزی .
لقی گەرمیانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
14 ـ 4 ـ 2023