حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان:لە یادی 35 ساڵەی تاوانی ئەنفال ،تاوانی ئەنفال پرۆسەی جینۆساید و قڕکردنی گەلی کورد بوو، تاوانێکە دژ بە هەموو مرۆڤایەتی

لە یادی 35 ساڵەی تاوانی ئەنفال

تاوانی ئەنفال، پرۆسەی جینۆساید و قڕکردنی گەلی کورد بوو، تاوانێکە دژ بە هەموو مرۆڤایەتی 35 ساڵ پێش ئێستا ئەنجامدرا. داگیرکەرانی کوردستان بۆ لەناوبردنی گەلی کورد لەسەر خاک و نیشتمانی خۆی دەستیان لە هیچ نەپاراستووە. بەر لە هەر شتێکی دیکە سوودیان لە هاوکاری دەرەکی و بێ دەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەرگرتووە. شالاوی ئەنفال بە هەشت قۆناخ لە ساڵی ١٩٨٨ بە بەشداری سەدان ھەزار سەرباز و جاش و دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمی بەعس بەڕێوەچوو.
لە کاتێکدا کە ئەم یادە خەمناكە تێپەڕ دەبێ، سەڕەڕای ئەوەی سەرانی رژێمی بەعس رووبەڕووی لێپێچینەوە بونەوەو لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دادگایی کران، کەچی هێشتا تەواوی تاوانبارانی بەشدار لە ئەنفال نەبردراونەتە بەردەم دادگا، هێشتا حکومەتی عێراق داوای لێبوردنی لە گەلی کورد نەکردووە،هێشتا زۆربەی هەرە زۆری گۆڕە بە کۆمەڵەکانی ئەنفال هەڵنەدراونەتەوە، هێشتا کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و ناوچە زیان لێکەوتووەکان قەرەبوو نەکراونەتەوە، هێشتا تاوانی ئەنفال بە دیکۆمێنت نەکراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و حکومەتی فیدراڵی عێراق لە ئاستی ئەو تاوانە گەورەیە کە دەرهەق بە گەلەكەمان کراوە، بەرپرسیارێتی بێباکی و خەمساردیان لە بەرانبەر مێژوو و کەسوکاری قوربانیان لە ئەستۆی دایە.
لەو دۆخە هەستیارەدا کە باشووری کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت، دەبێ ئەم تاوانە ویژدان هەژێنە، هەوێنی یەکێتیی و یەکڕیزیی کوردستانیمان بێ، هێشتا تارماییەکانی ئەنفال لەگەلمانە، ئەنفال لە ئێستا و لە داهاتوومانە. بۆیە پێویستە :

یەکەم : حزبە سیاسییەکانی کوردستان ناکۆکییە لاوەکیەکان بەلاوە بنێن و ڕوو لە خەڵك و داخوازییەکانی خەڵک بەرەو تەبایی و پتەوكردنی یەکڕیزیی کوردستانی بە کردەوە هەنگاو بنێن.
دووەم : حکومەتی هەرێمی کوردستان مەلەفی ئەنفال لە ئەولەویەتی کارەکانی بێ و کەس و کاری قوربانیان لە هەموو ڕوویەکەوە لایان لێ بکرێتەوە.
سێیەم : حکومەتی عێراق بە فەرمی داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکات و قەرەبووی ماددی و مەعنەوی خەڵک و ناوچە زیان لێکەوتووەکان بکاتەوە.
چوارەم : کار بکرێ بۆ ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی ئەنفال، وەکوو ڕۆژێکی جیهانی، کۆمەڵکوژیی کورد بناسێنێ.
لەو یادە خەمناكەدا سڵاو له گیانی قوربانیانی ئەنفال، سڵاو لە کەسوکاری ئەنفالکراوان، سڵاو لە ئیڕادەی خەڵکی کوردستان.

مەکتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
14ی نیسانی 2023

پەیوەندیدار