سودانی گۆڕانکاریی لە کابینەکەیدا دەکات

محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەمنزیکانە گۆڕانکاریی لە کابینەکەیدا دەکات و نزیکەی پێنج بۆ شەش وەزیر دەگۆڕێت.

سەرچاوەیەکی لە ھاوپەیمانی چوارچێوەی ھەماھەنگی دەسەڵاتدار بە رۆژنامەی (عەرەبی جەدید) ی راگەیاند، سودانی لەبەر ھەستکردن بە لاوازی ئەدای ژمارەیەک لە وەزیرەکان کە وەک پێویست کاروبارەکانیان راناپەڕێنن بریاریداوە پێنج بۆ شەش وەزیری کابینەکەی بگۆڕێت.

محەمەد بەلداوی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی ھەماھەنگی دەڵێت، گۆڕانکاری وەزاری چاوەڕوانکراو لەڕێگەی ھەڵسەنگاندنی وەزیرەکانەوە دەبێت.

دەشڵێت، ھێزە سیاسییەکان بەتایبەتی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت گلۆپی سەوزیان بۆ سودانی ھەڵکردووە بۆ گۆڕینی وەزیرە کەمتەرخەمەکان و بریکار و پارێزگارەکان.

پێشتر نوری مالیکی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دووپاتی کردبووەوە، چوارچێوەی ھەماھەنگی و ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ھیچ بریارێکیان سەبارەت بە بەشدارییکردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان نەداوە و ھەنگاوی جددی نەناوە تا ئەو کاتەی چاکسازی وەزاری نەکرێت.

پەیوەندیدار