راوێژکاری سەرۆک وەزیرانیی عێراق بۆ کاروباری دارایی رایگه‌یاند، دەرچونی عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەی كه زۆرترین قەرزاری سندوقی دراوی نێودەوڵەتیان له‌سه‌ر بابه‌تێكی سەرنجڕاکێشە بۆ وەبەرهێنان له وڵاته‌دا و كاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌سه‌ر وڵاته‌كه ده‌بێت.
لە راپۆرتێک‌دا کە هەفتەی ڕابردو لەلایەن سندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە بڵاوکرایەوە، ئاماژه به‌وه‌كراوه، 19 وڵات هەن قەرزەکانیان زیاترە لە یەک ملیار دۆلاری ئەمریکی به‌ڵام عێراق له لیسته‌كه‌دا نیه، لە کۆی گشتیی ئەو وڵاتانەی قەرزدەر لە دامەزراوەی ئابوریی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە، کە دەکاتە 94 وڵات.
مەزهەر محه‌مه‌د ساڵح، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی به رۆژنامه‌ی سەباح-ی راگه‌یاندوه، “دەرچونی عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەی زۆرترین قەرزی (سندوقی دراوی نێودەوڵەتی)یان لایه‌ن توانای قەرزکردنی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەکاتەوە و ئەوە هۆكارێكی باشه بۆ زیادكردنی وه‌به‌رهێنان جگە له‌وه‌ی کاردانەوەی ئەرێنی لەسەر بازرگانی دەرەکی پەیوەست بە ئابوری عێراق ده‌بێت”.
ئاماژه‌ی بهوهشكردوه، “عێراق لەوکاتەوەی ڕێککەوتنی پاریسی واژۆكردوه كه له 21ی 11ی 2004دا لەلایەن عادل عەبدولمەهدی وەزیری پێشوتری دارایی ئەوکاتەوە واژۆكراوه، ڕزگاری بوە لە 100 ملیار دۆلار قەرز كه له‌سه‌ری بوه، واتا 80%ی قهرزهكهی کەمکردوەتەوە”.
به‌وته‌ی راوێژكاری دارایی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، قەبارەی قەرزەکانی سه‌ر عێراق نزیکەی 130 ملیار دۆلار بوە، بەپێی رێککەوتنەکە 100 ملیار دۆلاری لێ لێبڕدراوە و ئەوەی دەمێنێتەوە بڕیاربو به 20 ساڵ بدرێته‌وه لەگەڵ ماوەی ئیمتیازات کە شەش ساڵ بوە.
راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق دوپاتیکردەوە، “عێراق پابەندە بە جێبەجێکردنی قەرزەکانی، چ بە کۆمپانیاکان یان وڵاتانی قەرزدەر، هاوکارییەکی زۆریش لە نێوان وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی عێراق هەیە لە پێدانی قیست لەگەڵ یارمەتییەکانیان و لەکاتی خۆیدا و لە ساڵی 2009ەوە عێراق دەستیکرد بە پێدانی سود و لە ساڵی 2011 دەستیکرد بە پێدانی قیست لەگەڵ یارمەتییەکانیان”.




