هەولێر : کۆڕێک بۆ کادیرانی لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان رێکخرا

ڕۆژی یەکشەممە ١٦-٤-٢٠٢٣ کۆڕێک بۆ کادیرانی مەڵبەند و لقەکانی هەولێری هەرسێ لایەنی لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان(حزبی شیوعی کوردستان ، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ، بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان) بە بەشداری ئەندامانی لیژنەی باڵای کاری هاوبەشی چەپی کوردستان، هاوڕێیان بەڵێن عەبدوڵڵا سکرتێری حزبی زەحمەتکێشان ، مام خدر قادر سکرتێری بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان ، شێخ صدیق جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، لە هۆڵی مەڵبەندی هەولێری حزبی شیوعی کوردستان و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی هەر سێ لایەن رێکخرا.
ئەندامانی لیژنەی باڵا بە وردی ئاماژەیان بە پرسی هەڵبژاردن و کەم و کوڕییەکانی یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن و پڕۆژەی چەپی کوردستانی بۆ چارەسەری خستەڕوو.
پەیوەندییەکانی نێوان جەماوەر و چەپ و کارلێکی گوتاری چەپ لەگەڵ بۆچوونی ڕای گشتی، ئامراز و شێوازەکانی گەیاندنی ئەم گوتارە، پەیوەندی چەپ لەگەڵ هەموو هێز و لایەنە سیاسیەکان لەسەر بنەمای هزری و خاڵی هاوبەش و جیاواز هەڵوەستەی لەسەرکرا.
بەشی کۆتایی کۆڕەکە تەرخانکرا بۆ گفتوگۆی ئامادەبووان و بۆچوونەکانی خۆیان خستەڕوو، کۆی بەشداربووان هاوڕابوون لەسەر درێژەدان بە کاری هاوبەشی چەپی کوردستان و فراوانترکردنی ئەم بەرەیە لەگەڵ لایەن و ڕۆشنبیرانی هەڵگری بیری چەپ و پێشکەوتنخوازی و بەستنی ئەم کۆڕە هاوبەشانە درێژەی پێبدرێت و بەردەوامبن.

پەیوەندیدار