23 سەربازی ئەمەریکایی لە ئەنجامی هێرشە چەکدارەکانی سەر بە ئێران توشی برینی مێشک بوون

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سێنتکۆم، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند لە دوو هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە مانگی سێ ، 23 سەربازی ئەمەریکایی لە سوریا تووشی برینی مێشک بوون.

پنتاگۆن پێشتر ڕایگەیاندبوو جگە لە کوژرانی بەڵێندەرێکی ئەمەریکایی لە هێرشەکاندا بۆ سەر بنکەکانیان لە سوریا، 12 کەسی دیکەش برینداربوون کە 6 کەسیان تووشی برینی مێشک بوون، بەڵام ئێستا بەپێی ئەو هەواڵەی ڕۆژی هەینی بڵاوکراوەتەوە، ئەو ژمارەیە لە سەربازە ئەمەریکاییەکان کە تووشی برینی مێشک بوون بۆ 23 کەس زیادی کردووە.

پنتاگۆن مەزەندەی کردووە کە هەشت چەکداری سەر بە کۆماری ئیسلامیش لە کاتی هێرشە ئاسمانییەکانی تۆڵەسەندنەوەی ئەمەریکا بۆ سەر دوو دامەزراوەی پەیوەست بە ئێران لە سووریا کوژراون.

سوپای ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە “11 حاڵەتی دیکەی برینداربوونی سوکی مێشکمان لە هێرشەکانی 23 و 24ی مانگی 3دا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستنیشانکردووە و تیمە پزیشکییەکانمان بەردەوامن لە هەڵسەنگاندنی ئەو برینانە”.

ئەمە یەکەمجار نییە سەربازانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا بەهۆی هێرشەکانەوە تووشی برینی مێشک دەبن، لە ساڵی 2020 دا زیاتر لە 100 سەربازی ئەمەریکایی بە هۆی هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر بنکەیەک لە عێراق تووشی ئەو حاڵەتە بوون.

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا

پەیوەندیدار