بەڵێن عەبدولڵا سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردسان:سیاسەتی حکومەتی هەرێم لە خزمەتی چینە هەژار و زەحمەتكێشەکان نییە

لــە لێدوانێکی بۆ ئاپۆرانیوز، بەڵێن عەبدولڵا، سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە بارەی ئەوەی رەوشی سیاسی بەو شێوەیەی کە هەیە بە کوێ دەگات.

سکرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان دەڵێت “لەجیاتی ئەوەی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان هەڵسەنگاندن و پلانی هەبێت بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەكە و دەوروبەرمان روودەدەن، کە بێگومان کاریگەری لەسەر رەوشەکە هەیە و هاوکێشەی سیاسی نوێ دێتە ئاراوە، خەریکی زەقکردنەوەی کێشە لاوەکییەکانن و بەهۆیەوە مەترسی لەسەر ئاییندەی هەرێمی كوردستان بەدی دەکرێت، بە بڕوای ئێمە درێژە کێشانی ئەو دۆخە ناهەموارە سیاسییەی کە ئێستا هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت، کە ناکۆکیی نێوەخۆیی بە جێگەیەکی مەترسیدار گەیشتووە و ئیرادەیەکی بەهێز نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان، بۆیە لە سۆنگەی ئەم دۆخە نێوەخۆییەدا، هەرێم پێویستی بە دوژمنی دەرەکی نییە”.

لە وەڵامێکی پرسیارێکی دیکەی ئاپۆرانیوز، هەڵسەنگاندنی ئێوە لە حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان وەکو حزبێکی چەپ چییە بۆ چارەکردنی رەوشی بێکاری و هەژاری لە کوردستاندا؟

سکرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان دەڵێت “لە ماوەی زیاتر لە سی ساڵی رابردوودا چارەکردنی کێشەی هەژاری و بێکاری لە ئەولەویەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبووە و حکومەت پلانێکی ستراتیژی بۆ نەهێشتنی هەژاری و بێکاری نەبووە، سیاسەتی حکومەتی هەرێم لە خزمەتی چینە هەژار و زەحمەتكێشەکە نییە، دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان وەک یەک نییە، وەلائی حزبی کراوە بە پێوەر نەک هاولاتی بوون، رەوا نییە لە کوردستان خەڵک لەخوار هێلی هەژاری بژی، گەنج بێکار بێ، دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان کارێکی شایستەیان بۆ دابین نەکرێت”

پەیوەندیدار