له‌ شەڕ و پێكدادانه‌كانی‌ سوودان  تا ئێستا نزیکەی ٣٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند کە لەو شەڕ و پێکدادانەی لە ١٥ی نیساندا لەنێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سوودان سەریهەڵداوە، تا ئێستا نزیکەی ٣٠٠ کەس کوژراون و زیاتر لە سێ هەزار کەسیش بریندار بوون.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر ئاماژەی بەوە داوە کە دۆخی سوودان زیاتر بووەتە جێگەی نیگەرانی و رایگەیاندووە “(بەهۆی پێکدادانەکانەوە) تا ئێستا نزیکەی ٣٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە سێ هەزار کەسیش برینداربوون. سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دەکەم”.

تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس هەروەها باسی لەوە کردووە، هەواڵی داگیرکردنی دامەزراوە تەندروستییەکانی سوودان لەلایەن هێزەکانەوە، جێگەی نیگەرانییە و رایگەیاندووە: “هێرشکردنە سەر خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانە. پێویستە ئەمانە بوەستێنرێن”.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس بە ئاماژەدان بە کێشەی دەستڕاگەیشتن بە کارەبا و خۆراک و ئاو و کارمەندان و کەمبوونەوەی پێداویستییە پزیشکییەکان، رایگەیاندووە کە ئەم دۆخە وا دەکات کە دامەزراوە تەندروستییەکان نەتوانن کار بکەن لە کاتێکدا هەزاران بریندار هەن کە پێویستییان بە چاودێریی تەندروستی هەیە.

تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس داوای “وەستاندنی ململانێکان”ی لە لایەنەکانی سوودان کردووە و ئاماژەی بەوە داوە کە ئاشتی تاکە رێگەچارەیە.

بەیانی رۆژی ١٥ی نیسان لە خەرتوم پایتەختی سوودان و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئەو وڵاتە، شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.

پەیوەندیدار