دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕاگەیەنراوێکی سەبارەت بە دۆخی گوندی پەلکانە بڵاو کردۆتەوە و دەڵێت، ئەم پەلاماردانەی عەرەبی هاوردە و داگیرکردنی گوندەکان دادگە و دادپەروەری عێراقی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارییەتی گەورە.
لە ڕاگەیەنراوێک دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕایگەیاند: بەداخەوە ئەمە چەندینجارە لە ناوچەی سەرگەڕان و بە دیاریکراوی لە سنووری گوندی پەلکانەی سەر بە پارێزگای کەرکووک، بەردەرگا لە دانیشتووانی کوردی ناوچەکە دەگیرێت و لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا لە بری جەژنە پیرۆزە و گەردن ئازادی و دابەشکردنی شیرینی، عەرەبی هاوردە دەکەونە وێزەی دانیشتووانی کوردی ناوچەکە و خۆشی جەژن دەگۆڕن بۆ پشێوی و هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە و پەلاماردانی کوردی خاوەن زەوی و زار و کێڵگە و زەرعاتی ناوچەکە.
ڕاشیگەیاند: بەداخەوە ئەم پەلاماردانە و داگیرکردنی گوندەکان و خاپوورکردنیان لە سایەی حکوومەتەکانی دوای ڕووخانی سەدامیش بەردەوامە و ڕوو دەدات، ئەمەش دادگە و دادپەروەری عێراقی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارییەتی گەورە، ئێمە لە کاتێکدا سەرکۆنە و نیگەرانی قوڵی خۆمان ڕادەگەیەنین، چاوەڕێین لە کابینەکەی (محەممەد شیاع سودانی) سنوورێک بۆ ئەم جۆرە دژایەتیانە دابنرێت و دووبارە و سەدبارە نەبنەوە وەک ئەوەی ئێستا بەدی دەکرێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە “داوا دەکەین دەستوور و یاسا بەرکارە نوێیەکان ببنە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە پەلامار و هەڕەشەی چەکداری نە برینەکان ساڕێژ دەکات و نە هاووڵاتییانی کوردی ئەو ناوچانەش بەم کردەوانە بێدەنگ دەبن.”
دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دڵنیایی لە ئارامی ناوچەکە دەدات و ئاماژەی بەوە داوە کە “بە هەوڵی دڵسۆزان ئێستا بارودۆخی ناوچەکە ئارامە، بەڵام پێمانوایە ماددەی 140 بنەما گشتییەکەی چارەسەربوونی یەکجاری کێشەکانە لەمبارەیەوە ڕوو دەکەینە سەرۆکایەتی کۆمار، وەزیر و فراکسیۆنە کوردەکان لە بەغداد، توانا دەستووریەکانی خۆیان لە ئاست جێبەجێکردنی ئەم ماددە دەستووریە بخەنەگەڕ، لەلایەکی دیکەش هەوڵەکانیان بۆ نەهێشتنی ئەم یاساشکێنی و زیادەڕەویانە زیاتر بکەن.”