خولی نوێی دانوستانی ئاشتی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لە واشنتن بەڕێوە دەچێت

نیکۆڵ پاشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا و ئیلهام عەلیێڤ سەرۆک کۆماری ئازەربایجان
نیکۆڵ پاشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا و ئیلهام عەلیێڤ سەرۆک کۆماری ئازەربایجان

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی و کۆماری ئازەربایجان ڕۆژی یەکشەممە لە هەوڵێکدا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان، خولی نوێی دانوستانەکانیان لە واشنتن بەڕێوەدەبەن.

ئانی بەدەڵیان گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاندووە “لە 30ی مانگی 4ەوە، ئارارات میرزۆیان، وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا، لە واشنتن دی سی دەبێت.”

ئازەربایجان تا ئێستا کاردانەوەی بەرامبەر بەم هەواڵە نەبووە.

ئەرمینیا و کۆماری ئازەربایجان لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت و سەربەخۆ بوونیان لە ساڵی 1991وە، لە دوو شەڕی گەورەدا لەسەر ناگۆرنۆ قەرەباخ ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە.

هەرچەندە ئەو ناوچەیە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک بەشێک لە کۆماری ئازەربایجان ناسراوە، بەڵام دانیشتووانەکەی بە شێوەیەکی سەرەکی ئەرمەنیین.

سەرەڕای هەوڵی زۆر بۆ نێوەندگیری لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، بەڵام هێشتا ئەو دوو وڵاتە نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی ئاشتی بۆ چارەسەرکردنی کێشە چارەسەرنەکراوەکانیان.

یەکشەممەی ڕابردوو کۆماری ئازەربایجان خاڵێکی پشکنینی لە دەروازەی لاچین کە ناوچەی قەرەباخ بە ئەرمینیاوە دەبەستێتەوە، داناوە و ئەرمینیاش ئەمە بە پێشێلکردنی ئاشکرای ئاگربەستی ساڵی 2020 ناو دەبات.

واشنتن لە کاردانەوە بەم هەواڵە ڕایگەیاندووە کە زۆر نیگەرانە لەوەی کە دانانی خاڵی پشکنینی ئازەربایجان لە ڕێڕەوی لاچین “هەوڵەکان بۆ دروستکردنی متمانە بە پرۆسەی ئاشتی تێکدەدات”.

لە ساڵی 1994 دا هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئەرمینیەکانی دانیشتووت ئەو ناوچەیە و هێزەکانی ئەرمینیاش چەند ناوچەیەکی دەوروبەری ناگۆرنۆ قەرەباخییان گرت.

لە ماوەی جەنگە شەش هەفتەییەکەی ساڵی 2020 دا ئازەربایجان زۆربەی ناوچەکانی دەوروبەری ناگۆرنۆ قەرەباخی گرتەوە، جەنگەکەش بووە هۆی کوژرانی نزیکەی 6,800 سەرباز و لە کۆتاییشدا بە نێوەندگیری ڕووسیا بە ئاگربەستێک جەنگەکە ڕاگیرا.

لەو کاتەوە چەندین جار هەوڵ بۆ چارسەرکردنی کێشەکانی ئەو دوو وڵاتە دراوە. لە دوایین هەوڵدا ڕێبەرانی ئەرمینیا و ئازەربایجان مانگی دووی ئەمساڵ لە پەراوێزی دانیشتنەکانی میونشندا بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبوونەوە و گفتوگۆیان کرد.

ئەنتۆنی بلینکن ئەو کۆبوونەوەیەی بە دەرفەتێکی مێژوویی ناوبرد بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتییەکی ڕاستەقینە دوای 30 ساڵ لە ململانێی نێوان هەردوو وڵات و ئاماژەی بەوەکردبوو کە واشنتن پابەندە بە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

پەیوەندیدار