سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، تا ئەو لە دەسەڵات مابێت، سەلاحەددین دەمیرتاش ئازاد ناکرێت و پێویستە ئەو سزایەی بەسەریدا سەپێنراوە تەواوی بکات، دەشڵێت، “کەماڵ کڵچدارئۆغڵو لە قەندیلەوە رێنمایی دەکرێت”.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا رایگەیاند، هاوپەیمانێتی میللەت تووشی چاوچنۆکی بوون و تەنانەت لەگەڵ درێژکراوەکانی پەکەکە سەرقاڵی سەودا و رێککەوتنن.
وتیشی، “ئاماژە بەوە دەدەن کە سەلاحەددین دەمیرتاش و عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد دەکەن، تا ئێمە لە دەسەڵات بین، دەمیرتاش و ئۆجەلان ئازاد ناکرێن، پێویستە ئەو سزایەی بەسەریاندا سەپێندراوە، تەواوی بکەن”.
ئاماژەی بەوەش کرد، هاوپەیمانێتی میللەت کە ئێستە بوون بە نۆ لایەن، باس لەوە دەکەن کە سەرجەم ئەوانەی بە تۆمەتی تیرۆر لە فەرمانگەکانی دەوڵەت دەرکراون، دووبارە دەگەڕێندرێنەوە، لێرەوە دەمەوێت ئەوە رابگەیەنم کە خەیاڵیان خاوە”وتیشی، “کەماڵ کڵچدارئۆغڵو لە قەندیلەوە رێنمایی دەکرێت.