سەرۆکی ھەرێمی کوردستان: دەبێت گرنگیی زیاتر بە ژیان و گوزەرانی کرێکاران و خێزانەکانیان بدرێت

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ڕۆژی جیھانیی کرێکاران، بە گەرمی لە کرێکارانی کوردستان، عێراق و جیھان و سەندیکا و ڕێکخراوەکانیان پیرۆز دەکات و دەڵێت، لەم یادەدا وێڕای دەربڕینی ھەموو پشتگیرییەک بۆ ماف و داوا ڕەواکانی کرێکاران، جەخت لە پێویستیی ھەبوونی یاسایەکی سەردەمیانەی کار بۆ پاراستنی مافەکانی کرێکاران و ڕەخساندنی زەمینەی سەلامەت و ژینگەی لەبار و ڕێکخستنی دروستی کاژێرەکانی کار و یەکسانی لە دەرفەتی کاردا دەکەینەوە.

پەیامی نێچیرڤان بارزانی لە ڕۆژی جیھانیی کرێکاراندا…

یەکی ئایار، ڕۆژی جیھانیی کرێکاران، بە گەرمی لە کرێکارانی کوردستان، عێراق و جیھان و سەندیکا و ڕێکخراوەکانیان پیرۆز دەکەم. بەشداری و قوربانیدانی کرێکارانی کوردستان لە شۆڕش و ڕۆڵی دیار و ڕەنجی زۆریان لە پرۆسەی بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوەی کوردستاندا بەرز دەنرخێنم و ھیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

لەم یادەدا وێڕای دەربڕینی ھەموو پشتگیرییەک بۆ ماف و داوا ڕەواکانی کرێکاران، جەخت لە پێویستیی ھەبوونی یاسایەکی سەردەمیانەی کار بۆ پاراستنی مافەکانی کرێکاران و ڕەخساندنی زەمینەی سەلامەت و ژینگەی لەبار و ڕێکخستنی دروستی کاژێرەکانی کار و یەکسانی لە دەرفەتی کاردا دەکەینەوە، ھەروەھا دەبێ گرنگیی زیاتر بە ژیان و گوزەرانی کرێکاران و خێزانەکانیان بدرێت و سەندیکا و ڕێکخراوەکانی کرێکارانیش کاراتر بۆ مافەکانیان کار بکەن.
سڵاو و ڕێز بۆ خێزان و کەسوکاری ئەو کرێکارانە دەنێرین کە لە کاتی کاردا گیانیان لەدەستداوە و لەسەر لایەنە پەیوەندارەکانە لە ھەموو ڕوویەکەوە چاودێرییان بکەن و یارمەتی بدرێن.

یەکی ئایار لە ھەمووان پیرۆز بێت و پشوویەکی ئارام و ئاسوودە بۆ کرێکاران دەخوازم.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان

پەیوەندیدار