لە 14/5/2023دا، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەدەچێت، لەم هەلبژاردنەدا لایەنەکان کێبڕکێ دەکەن لەسەر بەدەستهێنانی (600) کورسی پەرلەمان و پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لەم دیمانەیەدابۆ ئێستانیوز، بێكەس قادر ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی زحمەتكێشانی كوردستان، تیشك دەحاتە سەر هەڵبژاردنەكانی توركیا و دۆزی كورد لەم وڵاتەدا.
ئێستانیوز: چۆن دەڕواننە هەڵبژاردنی توركیا؟
بێکەس قادر : هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە کاتێکی سیاسی هەستیار بەڕێوەدەچێت، بەشێوەی گشتی لە ڕووی سیاسیەوە هەڵبژاردن کۆمەڵگەی تورکیای بەسەر دوو بەرەدا دابەشکردووە. بەرەی دەسەڵات و بەرەی ئۆپۆزسیۆن؛ لە بیست ساڵی رابردوودا گۆڕەپانی سیاسیی تورکیا ململانێی وای بەخۆیەوە نەبینیوە. بۆیە وەکوو پێشبینی دەکرێت هاوکێشەی سیاسی لە تورکیا گۆڕانی بەسەردا بێت .
هەم راپرسییەکان و هەم زۆربەی چاودێرە سیاسییەکان، تابلۆیەکە وا نیشان دەدەن کە لایەنی دەسەڵاتدار، لە هەموو کاتێک زیاتر لە لەدەستدانی دەسەڵات نزیکترە.
لە سایەی هاوپەیمانی ئاکەپە و مەهەپە، دەوڵەتی تورکیا لە ناوەوە و لە دەرەوەیدا لەگەڵ چەندین بنبەستی سیاسی و ئابووری، ڕووبەڕووبووەتەوە، بۆیە تێپەڕاندنی ئەم ڕەوشە لە توانای هاوپەیمانی دەسەڵاتدار نییە.
ئێستانیوز :ڕۆلی هەدەپە وەکوو لایەنێکی سیاسی سەرەکی چۆن دەبینن؟
بێکەس قادر : هەدەپە کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی و بە ناوی پارتی چەپی سەوز بەشداری لە هەڵبژاردن دەکات، ئێستا لە نێو هاوکێشەی سیاسیدا، رۆلی بەرچاوی هەیە لە گۆڕینی نەخشەی سیاسی لە تورکیا. بۆیە لە داهاتوودا قوڕسایی خۆی دەبێ بۆ چارەکردنی پرسی کورد لە تورکیا.
ئێستانیوز : بۆچی ململانێی ڕکابەرکارەکان لەسەر سیستەمە؟
بێکەس قادر : ڕاستە لەم هەڵبژاردنەدا ململانێی سەرەکی لەسەر مانەوەی سیستەمی سەرۆکایەتی و گەڕانەوە بۆ سیستەمی پەرلەمانیە، بەڵام لە ئەگەری شکستی هاوپەیمانی کۆمار، لە بەرانبەر هاوپەیمانی میللەت، دەرگە بە ڕووی گۆڕانکاری دەکرێتەوە لە تورکیا،
چونکە ئەو هەڵبژاردنە لە ئاستی سەرۆکایەتی بە هەر بارێکدا بکەوێتەوە ، بەڵام لە واقیعدا کۆتایی بە هەژموونی پارتێکی سیاسی دەهێنێت لە دەسەڵاتدا.
ئێستانیوز : چارەکردنی پرسی کورد بە کوێ دەگات، لە کاتێدا بە ڕوونی باس ناکرێت؟
بێكەس قادر: لە ئەگەری شکستهێنانی ئەردۆغان و هاوپەیمانی ئەکەپە و مەهەپەش لەو هەڵبژاردنەدا، داننان بە ناسنامەی نەتەوەیی کورد و نەتەوە غەیرە تورکەکان لە تورکیا هەروا پرۆسەیەکی ئاسان نییە، بەڵام قۆناخێكی نوێ دەست پێ دەکات و چارەکردنی پرسی کورد بە ڕێگەی دیالۆگەوە جارێکی دیکە دێتە پێشەوە، یان بە لانی کەمەوە ئاستەنگ لە بەردەم پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری دیموکراسیانەی کێشەی کورد کەمتر دەبێت.
ئامادەكردن و سازدانی دیمانە : بێستون لەتیف