سەرۆك وەزیرانی عێراق: نەوت بنێردرێت یاخود نا، موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرین

محەمەد شیاع سودانی لەگفتوگۆیەکدا و لەمیانەی پانێڵێکی دیداری عێراق لە بەغدا، سەبارەت بەدۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان و موچەی فەرمانبەران رایگەیاند، لەگەڵ هەرێمی كوردستان رێكەوتنمان كردوە كە هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە دەستپێبكاتەوە، سەبارەت بەموچەی فەرمانبەرانیش نەوت هەناردە بکرێت یان نا موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەنێرین و لەئەستۆی ئێمەیە”.

محەمەد شیاع سودانی وتیشی ، “ھەناردەکردنی نەوت ھەرێم تەنھا لایەنی ھونەری ماوە، تورکیاش پێی راگەیاندوین، بەنیازە پێش دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە سەلامەتی بۆریەکان دڵنیا ببێتەوە، چونکە ئەو بۆڕییە نەوتییانەی کە نەوتی هەرێم دەگوازنەوە پێویستییان بە پشکنین هەیە پێش ئەوەی دەستبکرێتەوە بە هەناردەکردنی نەوت”.

لەبارەی کارەکانی حکومەتەکەشی، سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەکرد، تا ئێستا 31%ی بەرنامەی کابینەکەی جێبەجێکراوە و تیمەکەشی شەو و رۆژ بە دڵسۆزییەوە کاردەکەن و جەخت لەسەر بە دەستهێنانی ئامانجی کارنامەی حکومەتەکەی دەکەنەوە.

وتیشی، “لە شەش مانگدا سەلماندمان کە ئەم کابینەیە سەرکەوتووە” و دەڵێت، لەسەر ئەو شێوازەی چارەسەرکردنی کێشەکان کە کاریان لەسەر کردووە، بەردەوام دەبن.

ئەوەشی خستەڕوو، “گەندەڵی یەکێکە لە مەترسییە گەورەکانی سەر عێراق و حکومەتەکەم روبەڕوی چەندین ئاڵنگاری گەورە لە ناوە و دەرەوە بوەتەوە.”

سودانی ئاماژەی بەوەکرد، “ساڵانە چوار ملیار دۆلار لە هاوردەکردنی غازی سروشتی خەرج دەکەین، بۆیە بڕیاردراوە پەرە بە کێڵگەکانی خۆمان بدەین و لە سێ ساڵی داهاتودا چیتر غاز هاوردە ناکەین لە دەرەوە.

پەیوەندیدار