دەوڵەتی تورکیا لە نزیک ناوەندی شاری عەفرین بە پشتگیری رێکخراوێکی ئیخوانی ئۆردوگایەکی دیکەی بۆ خانەوادەی چەکدارانی سەر بە تورکیا دروست کرد.
ئەنجومەنی هەرێمی سەر بە دەوڵەتی تورکیا لە نزیک ناوەندی شاری عەفرین ئۆردوگایەکی دیکەی بە ناوی (گوندی ئەمەل ٢) کردەوە. ئۆردوگاکە بە پشتگیری و هاوکاری مادی کۆمەڵەی هاوکاری و بەرەوپێشەوەبردنی نێونەتەوەیی ناوسرا بە ئینسور دروست کراوە کە لە ٥٠٠ یەکەی نیشتەجێبوون پێک دێت.
دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی ٢٠٢١ەوە لە گوندی کەفەر کەلبێنی عەزاز لە باکوری حەلەب بۆ جێگیرکردنی چەکدارە توندڕەوەکان ئۆردوگایەکی بەناوی (ئەلئەمەل) دروست کردبوو. ئوردوگاکە لەلایەن دەزگای کارەسات و فریاکەوتنی تورکیا ناسراو بە ئافادەوە دروست کرابوو.
لە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨دا تورکیا لە عەفرین دەستی بە دروستکردنی ئۆردوگاکان کرد و ئەو کاتە لە باشوری عەفرین ئۆردوگایەکی بەناوی قەریە ئەلشامیە بۆ گروپی چەکداری جەبهە ئەلشامیە دروست کردبوو.
دەوڵەتی تورکیا لە ٥ ساڵدا کە عەفرینی داگیرکردووە، زیاتر لە ٢٥ ئۆردوگای بۆ خانەوادەی چەکدارە توندڕەوەکان لە عەفرین دروست کردووە و بەم شێوەیە هەوڵیداوە دیموگرافیای هەرێمەکە بگۆڕێت و لە خاکی سوریا دایببڕێت.