ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت کە راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کاریگەری لەسەر کورتهێنانی بودجەی عێراق دەبێت چونکە، داهاتی نەوتی هەرێم خراوەتە نێو داهاتی وڵاتەوە.
جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم قەبارەی کورتهێنانی بودجە زیاد دەکات ، لەبەرئەوەی هەناردەکردنی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم خراوەتە نێو داهاتی وڵات و لە پرۆژە یاسای بودجەدا جێگیرکراوە.
وتیشی، لە پرۆژە یاسای بودجەدا بڕی هەناردەی نەوت رۆژانە بە ٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل دیاریکراوەوئەگەر نەوتی هەرێم هەناردە نەکرێت بڕی هەناردەی نەوت بۆ ٣ ملیۆن و ١٠٠ هەزار بەرمیل کەمبێتەوە، ئەوەش قەبارەی کورتهێنان زیاد دەکات، لەبەرئەوەی حکومەتی عێراق داهاتی نەوتی هەرێمی خستووەتە نێو پرۆژە یاسای بودجە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەشداوە، ئەگەر هەرێمی کوردستان نەوت هەناردە نەکات هیچ بڕە پارەیەک لە بەغداد وەرناگرێت ئەوەش دەبێتە کێشەیەکی تر بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
ماوەی دوومانگە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا راگیراوەو هیچ وادەیەکیش بۆ دەستپێکردنەوەی لە ئارادا نیە.




