وەزارەتی بازرگانی عێراق: ئەمساڵ باشترین بەرھەمی دانەوێڵەمان دەبێت

وەزارەتی بارزگانی عێراق رایگەیاند، لە وەرزی ئەمساڵی بەبازاڕکردنی دانەوێڵە ھیچ گرفتێک رووینەداوە و بەھۆی بارینی بارانی زۆر و پشتیوانییەکانی حکومەت بۆ جوتیاران بەرھەمی دانەوێڵەی ئەمساڵ باشترین بەرھەم دەبێت.

حەیدەر کەرعاوی بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران، وەزارەتی دارایی ١٠ رۆژ جارێک گوژمەیەکی ٥٠٠ ملیار دیناری دەداتە وەزارەتی بازرگانی بۆ خەرجکردنی شایستەی دارایی جوتیاران و تائێستاش دوو گوژمەیان وەرگرتووە و چاوەڕێی گوژمەی سێیەمن.

وتیشی، رێکارەکانی خەرجکردنی شایستە داراییەکان، لە رۆژی وەرگرتنی دانەوێڵە یاخود رۆژی دواتر تەواودەکرێت، ئەوەش جاری یەکەمە لە عێراق روودەدات.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە ئاماژەی بەوەکرد، پرۆسەی وەرگرتنی دانەوێڵە دوو ھێندە زیادیکردووەو ھەر پارێزگایەک پێشتر ١٠٠ بارھەڵگر دانەوێڵەی رادەستکردبێت ئەمساڵ بۆ ٢٠٠ بارھەڵگر زیادکراوە، ھیچ گرفتێک لە وەرگرتنی دانەوێڵەی جوتیاران رووینەداوە و بەھۆی باراینی بارانی باش و بەکارھێنانی ئامێری نوێ بۆ ئاودێری ئەمساڵ باشترین بەرھەمی دانەوێڵەیان دەبێت.

پەیوەندیدار