لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان، هەموو ئامادەییەك نیشان دەدات بۆ كۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەكان


لەرۆژی 11ی ئایاری 2023دا ، لەمەراسیمی كردنەوەی “مۆزەخانەی نیشتمانی بارزانی”، رێزدار كاك مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەمیانەی وتارەكەی خۆیدا، بانگی لەحزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان كرد، كە كۆبوونەوەی هاوبەش ساز بكەن ‌و ململانێكان وەلا بنێن و لاپەڕەیەكی نوێ بكەنەوە، بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجام بدرێت.

لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان كۆبوونەوەی حزب و لایەنە سیاسیەكان كەبابەتێكی هەنووكەییە، بەگرنگ دەزانێت و لەم بارودۆخەدا گفتوگۆی كراوەو بەبەشداری هەموو لایەنە سیاسیەكان ئەنجامبدرێت، لەكۆبوونەوەیەكی سەرجەم لایەنە سیاسیەكاندا، كۆی پرۆسەی سیاسی و گوتاری یەكگرتووی كوردستانی‌و پرسی ئەنجامدنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبسەنگێنن و بڕیاری پێویست لەبارەیەیانەوە بدەن.

نزیكەی ساڵێك لەمەوبەر، لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان، وەك بەرپرسیارێتی سیاسی و نیشتمانی خۆی، سەردانی حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستانی كردو بابەتی ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتمانی خستە بەرباس و لێكۆڵینەوەو دواتر “پڕۆژەی دیالۆگی نیشتمانی” بۆ داڕشتنی پەیمانی نیشتمانی، پێشكەشی سەرجەم لایەنە سیاسیەكان كرد، لەپێناو رێككەوتن لەسەر رادەی نزمی بەرنامەیەكی هاوبەشی كوردستانی بۆ رووبەرووبوونەوەی هەموو ئەگەر و پێشهاتەكان ، هاوكات، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن‌وراپرسی ‌و بەشێوەیەك جێگای متمانەی سەرجەم لایەنەكان بێ بەدەر لەقۆرخكاری هەروەها نووسین و بڕیاردانی دەستوری هەرێمی كوردستانیش، لەمڕوانگەیەوە و لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان، هەموو ئامادەییەك نیشان دەدات بۆ كۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەكان و دەستكردن بەدیالۆگی نیشتمانی و بڕیاردانی پەیمانی نیشتمانی كوردستان.

لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان

حزبی شیوعی كوردستان
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان

بزووتنەوەی دیموركراتی گەلی كوردستان

پەیوەندیدار