كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بە دۆلار قەدەغە كرا

وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیاریدا بە قەدەغە كردنی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بە دۆلار و بۆ ئەم مەبەستەش هەڵمەتێكی ئاگاداركردنەوەی بۆ پێشانگا و كۆمپانیاكانی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەستپێكردووە.

لەمبارەیەوە جەمالەدین عەبدولڕەزاق بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوانی ڕێكخراو لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەكاتی ئەنجامدانی هەڵمەتەكەدا لە شاری سامەڕا لە پارێزگای سەڵاحەدین بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاند :”خاوەن پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل و بازاڕە ناوخۆییەكان بەدواداچونیان بۆ دەكرێت و لەژێر ڕێنمایی وەزیری ناوخۆ بڕیاردراوە، كە ئەوان مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بە دۆلار نەكەن و پابەند بن بە دراوی نیشتمانی”.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕو:”مەفرەزەكانمان بەدواداچون بۆ ئەم بابەتە دەكەن و بەڵێننامەیان بە بازرگانەكان و خاوەن پێشانگاكان پڕكردووەتەوە تاوەكو كڕین و فرۆشتن بە دینار بكەن، بۆ ئەوەی بەهای دینار بەرزبێتەوە هەر كەسێك پابەند نەبێت لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەكرێت و بە یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت”.

هاوكات بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەكان، ئەو هەڵمەتە لە بەغدای پایتەخت و چەندین پارێزگای دیكەی عێراق دەستی پێكردووە و بڕیارەكە بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دینارە بەرامبەر بە دۆلار لە چوارچێوەی ڕێكارەكانی بانكی ناوەندی.

پەیوەندیدار