ڕابەری پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و ڕکابەرەکەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا، کەمال کلیچدارئۆغلۆ، حکومەتی تورکیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ڕێگەدان بە هاتنە ناوەوەی 10 ملیۆن کۆچبەری ” نائاسایی ” بۆ ناو وڵاتەکە، ئەمەش لە گۆڕانێکدا لە لێدوانەکانیدا پێش دەستپێکردنی خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کە بڕیارە لە 28 ی مانگی پێنجدا بەڕێوەبچێت.
کەمال کلیچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانێتییە شەش پارتەکەی ئۆپۆزسیۆنە، لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی تورکیادا لە دوای ئەردۆغانەوە دێت، بە پێچەوانەی ڕاپرسییەکانی پێش هەڵبژاردنەکانەوە کە تیایدا کلیچدارئۆغلۆ بە ڕێژەیەکی کەم لە پێش ئەردۆغانەوە بوو.
لێدوانەکانی کلیچدارئۆغلۆ دوای ئەوە هات پارتەکەی وتی تانەی لە هەزاران ناڕێکی داوە لە سندووقەکانی دەنگداندا، دوای هەڵبژاردنە مێژووییەکەی ڕۆژی یەکشەممە.
کلیچدارئۆغلۆی ڕابەری پارتی کۆماری گەل لە سەدا 44.9 ی دەنگەکانی بە دەستهێنا. کاندیدی سێیەم سینان ئۆغانی نەتەوە پەرست لە سەدا 5.17 ی دەنگەکانی بە دەستهێنا و پێشبینی دەکرێت کلیچدارئۆغلۆ و ئەردۆغان هەوڵی بە دەستهێنانی پشتیوانی ئەو بدەن.
کلیچدارئۆغلۆ وتی ” خاکی نیشتیمانەکەمان نادەین بە دەستی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە کە ڕێگە بە 10 ملیۆن کۆچبەری نائاسایی داوە بێنە ناومانەوە.” هۆشداریشیدا لەسەر ئەوەی ڕەنگە ژمارەی کۆچبەران زیاد ببێت بۆ 30 ملیۆن.
کلیچدارئۆغلۆ وتی ” ئەوانەی کە خاکی نیشتیمانەکەیان خۆش دەوێت، وەرن بۆ سندووقەکانی دەنگدان.”
کلیچدارئۆغلۆ هیچ بەڵگەیەکی نەخستەڕوو سەبارەت بە ژمارەی کۆچبەران. بەپێی ژمارە فەڕمییەکان، تورکیا میوانداری گەورەترین دانیشتوانی پەنابەران دەکات لە جیهاندا و نزیکەی 4 ملیۆن پەنابەری وەرگرتووە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، بەرپرسانی تورکیا تاوەکو 11 ی مانگی پێنج لەم ساڵدا نزیکەی 50,600 کۆچبەری نائاساییان گرتووە، لە ساڵی 2022 دا نزیکەی 285,000 کۆچبەری نائاساییان گرتووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز