بەڵێن عەبدولڵا سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان ئەمڕۆ2023/5/20 لە میانەی كۆبوونەوەی فراوانی كادیرانی حزبەكەی كە لە شاری هەولێر سازكرابوو تیشكی خستە سەر بارودۆخی سیاسی كوردستان و ناوچەكە.
سەبارەت بەو هەنگاوانەی بە ئاڕاستەی تێپەڕاندنی قەیرانە ناوخۆییەكان دەنرێن سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان ووتی:
پرسی چۆنیەتی مامەڵە كردنی هەرێم لەگەڵ عێراق و چارەسەری قەیرانە ناوخۆیییەكان ڕەهەندی نیشتمانیان هەیە بۆیە ئەو پرسانە تەنیا بە كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی یەكلا نابنەوە.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڵێن عەبدولڵا دیدگای حزبی زەحمەتكێشانی كوردستانی سەبارەت بە بەزووی ئەنجامدانی هەڵبژاردن خستەڕوو ووتی:
دواخستنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆتە نەنگیەكی سیاسی لەوبارەیەوە فشارە دەرەكیەكان تا دێت لەسەر حزبە دەسەڵاتدارەكان زیاتر دەبن، بۆ ئەم مەبەستە پشتیوانی حزبی زەحمەتكێشانی بۆ هەر دەستپێش خەریەك كە ئامانج لێی بەدیهێنانی یەكڕیزی نیشتمانی بێت چەند بارە كردەوە.
سەبارەت بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان رەخنەی لەو ئالیەتە گرت كە دەكرێتە بنەما بۆ دامەزراندنی كۆمسیۆنی سەربەخۆیی هەڵبژاردن كە لەسەر بنەمای پشك پشكێنەی حزبی پۆستەكان دابەش دەكرێن.
هەر لە میانەی ئەو كۆبوونەوەدا سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان كادیرانی حزبەكەی راسپارد كە لە ئێستاوە كاری جدی بكەن بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەكان وەك پڕۆسەیەكی دیموكراسی كە حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان وەك پڕەنسیپ باوەڕی پێێەتی.


