گەڕی دووەمی دەنگدان بۆ سەرۆكایەتی كۆماری توركیا دەستی پێكردەوە

گەڕی دووەمی دەنگدان بۆ سەرۆکایەتی تورکیا لە بەشێکی زۆری وڵاتان دەستیپێکردەوە و کێبرکێیەكی توند لەنێوان رەجەب تەیب ئۆردۆگان و کەمال کلیچدار ئۆغلۆدایە بۆ ئەوەی ببەنە سەرۆك كۆمای نوێی توركیا.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەڕی دووەمی دەنگدان بۆ سەرۆکایەتی تورکیا لە بەشێکی زۆری وڵاتان دەستیپێکردەوە و دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ڕایگەیاند: لە رۆژانی 20-24ی ئایار پڕۆسەی دەنگدان لە دەرەوەی تورکیا بەڕێوەدەچێت.

ئاماژەیان بەوەشكرد، رۆژانە لە کاتژمێر 9ی بەیانی تاوەکو کاتژمێر 9ی شەو هاووڵاتییانی تورکیا لە نوێنەرایەتییەکانی دەرەوە دەتوانن دەنگ بدەن، دەنگدان لە دەروازە سنوورییەکانیشدا تاوەکو رۆژی 28ـی ئایار بەردەوام دەبێت.

دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ڕاشیگەیاندوە، بۆ گەڕی دووەم 167 بنکە لە 151 نوێنەرایەتیی تورکیا لە 73وڵات سندووقی دەنگدان دادەنرێت.

جێی باسە لە گەڕی یەکەمی دەنگدانی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیادا کە رۆژی 14ی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی توانی 49.5%ـی دەنگەکانی بەدەست بهێنێ و لە بەرامبەردا کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت 44.9%ـی دەنگەکانی بردەوە، بەڵام هیچ کام لە کاندیدەکانی سەرۆککۆمار نەیانتوانی %50+1ی دەنگەکان بەدەست بهێنن، بەوهۆیەوە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کەوتە گەڕی دووەم .

خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە رۆژی یەکشەممە 28ی ئایار ئەنجام دەدرێت و ئەو کاندیدەی زۆرینەی دەنگە ھەژمارکراوەکان بەدەستبھێنێت دەبێتە سەرکۆماری تورکیا.

پەیوەندیدار