سەرەڕای ڕاگەیاندنی کرێملین و هەڵکردنی ئاڵای ڕووسیا لەسەر شارەکە، دوای ٢٢٤ ڕۆژ لە شەڕێکی سەخت و دژوار، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا پیرۆزبایی لە هێزەکانی ڕووسیا کرد بەرامبەر کۆنترۆڵکردنی باخموت، ئەرکانی گشتی ئۆکراینیش دووپاتیکردەوە کە “شەڕێکی توند هەیە”، هێشتا لە شارەکەدا بەرگریی بەردەوامە.
سیمۆن جۆردن، شرۆڤەکاری ستراتیژی بەریتانی بە دەزگای سکای نیوزی ڕاگەیاندوە ،“دوای ئەوەی ڕووسیا دەستی بەسەر شارەکەدا گرت، ئۆکراینییەکان دەکشێنەوە بۆ ناوچەکانی بەرگریی لە کراماتۆرسک “.
ناوبراو بۆ “سکای نیوز عەرەبی” وتویەتی؛ کراماتۆرسک لە ناوچەیەکی بەرزتر هەڵکەوتووە و توانای بەرگریی زیاتری هەیە لە باخموت، جەختیشی کردەوە کە شەڕی خوێناویتر لە نێوان هەردوولا ڕوودەدات لە چاو شەڕەکانی باخموت.
باخموت بە کانەکانی خوێ و کارگە گەورەکانی بەرهەمهێنانی شەراب ناسرابوو و بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژئاواییەکان بۆ جەنگ هیچ گرنگییەکی جوگرافی نییە.
بەرپرسانی ڕۆژئاوا لەدەستدانی باخموت بە “ڕووداوێکی تاکتیکی بچووک لە هێڵی پێشەوەی ١٢٠٠ کیلۆمەتری” وەسف دەکەن لە لایەن ئۆکراینییەکانەوە ئەنجامدراوە .
باخموت دەکەوێتە باکووری دۆنێتسک، نزیکەی ٦٥ کم لە باکووری دۆنێتسک، ناوەندی کارگێڕی ئەو پارێزگایە کە لەگەڵ لوهانسکی دراوسێی ناوچەی دۆنباس پێکدێت، نزیکەی ١٥ کم لە سنووری لوهانسکەوە دوورە، و ٥٨٠ کم لە کیێڤی پایتەختەوە دوورە.
ئەم شارە دەکەوێتە سەر ڕێگایەکی سەرەکی کە بەرەو شارەکانی سلۆڤیانسک و کراماتۆرسک دەڕوات کە دوو لە گەورەترین شارەکانی ناوچەی دۆنباسن و نزیکییەکەی لە ڕێگای نێودەوڵەتی “M-03” ڕاستەوخۆ بە شاری سلاڤیانسکەوە دەیبەستێتەوە لە شاری لوگانسک، و بەرەو شاری خارکیڤ بەردەوام دەبێت.