حزبەکانی رۆژهەڵاتى كوردستان:ئەگەر ئێران لە رێگای عێراقەوە فشاری زۆرمان بخاتە سەر، خەباتی چەکداریمان دەگوازینەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان

نوێنەری حزبی دیموکراتی ئێران لە هەولێر ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران لە رێگای عێراقەوە فشاری زۆرمان بخاتە سەر، دور نییە خەباتی چەکداریمان بگوازینەوە بۆ ناو خودی رۆژهەڵاتی کوردستان، و ئێمە لە باشووری کوردستاندا چەکدارنین تەنها هەندێک چەی سوکمان پێیە بۆ خۆپاراستن.

محەمەد ساڵح، نوێنەری حزبی دیموکراتی ئێران لە هەولێر بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندوە، ئەگەر ئێران بیەوێت بە فشارە دەرەکییەکان و لە ڕێگەی حکومەتی عێراق و لایەنەکانی ترەوە فشارێکی زۆرمان بۆ بهێنێت دوور نییە خەباتی ئێمەش بگوازینەوە بۆ ناو خودی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

دەشڵێت: ئێران هەمیشە هەوڵی داوە گرفتەکانی ناوخۆی وڵاتەکە پەردەپۆش بکات ، لەو بڕوایەداین بەهەمان مەبەستی سیاسی، جارێکی تر بابەتی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو هەرێمی کوردستان وەکو کارتێک بەکاربهێنێت بۆ فشارخستنە سەر حکومەتی هەرێم.

نوێنەری حزبی دیموکراتی رۆژهەڵات ئاماژەی بەوەشداوە، بابەتی بوونی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کورستاندا، لە بوونی هێزێکی چەکداری زیاتر مەسەلەیەکی سیاسیە، کە گوزارشت لە بزوتنەوەیەکی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە ئێراندا دەکات.

سەبارەت بە ڕەوتی چەکدارییان لە هەرێمی کوردستان وتی: هێزەکانی ڕۆژهەڵات لێرە چەکدار نین، تەنها هەندێک چەکی زۆر سوکمان لایە کە بۆ بەرگری کردن لە خۆمانە و ئێمە خۆمان لە نەتەوە یەکگرتووەکان ناونوس کردووە.

ئێران لە ماوەی رابردوودا ئاشکرای کرد چاوەڕیی جێبەجێکردنی رێکەوتنی نێوانیان لەگەڵ عێراق دەکەن بۆ چەککردن و دەرکردنی حزبە کوردییەکانی دژبەریان کە لەهەرێمی کوردستان بارەگایان هەیە و لەئەگەری دەرنەکردنیان ئەوا هێرشەکانیان بەردەوام دەبێت .

پەیوەندیدار