جارێکى دیکە سوپاى عێراق هەڵیانکوتایە سەر کەمپى مەخمور

جارێکی دیکە سوپای عێراق هەوڵیدا گەمارۆی کامپی مەخمور بدات و دەست بە پلانی تەلبەندکردن و دانانی کامێرای چاودێری بکەن، بەڵام لەلایەن دانیشتوانی کامپەکەوە روبەڕوی بەرهەڵستی توند بونەتەوە و ئەمڕۆش گرژیی و ئاڵۆزی دروستبو.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە سوپای عێراق جارێکی دیکە هەوڵیداوە گەمارۆى کامپى مەخمور بدات، بەڵام دانیشتوانى کامپەکە ڕوبەڕویان بونەتەوە و ڕێگرى لەو هەنگاوە کردوە، کە ماوەی شەش رۆژە هێزەکە بۆ جێبەجێکردنی چونەتە ناوچەکە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی کامپەکە دەڵێت، سوپاى عێراق هەوڵدەدات بیرە ئاوەکان کۆنتڕۆڵ بکات، کە سەرچاوەى ئاوى خواردنەوەى دانیشتوانى کامپى مەخمورن، ئەوەش وەکو دروستکردنی فشارێک بۆ سەر هاوڵاتیان، بەڵام هاوڵاتیان رێگەیان پێنادەن و چونەتە بەردەم ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان و رێگریان لێکردون، بەوهۆیەوە گرژیی دروستبوە.

لە بەرەبەیانی 20ی ئەم مانگەوە هێزێکی سوپای عێراق چونەتە کامپی مەخمور بە ئامانجی تەلبەندکردنی کامپەکە و دانانی کامێرای چاودێری بەمەبەستی چاودێریکردنی هەمو جوڵەیەک لە کامپەکەدا بەڵام دانیشتوانەکەی رەتیدەکەنەوە.

دانیشتوانی کامپی مەخمور پێکهاتون لە هاوڵاتیانی باکوری کوردستان کە زیاتر لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوەوە ناچارکراون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن، بەپێی ئامارەکانی ئیدارەی مەخمور، نزیکەی 11 هەزار کەس لە کامپەکەدا نیشتەجێن، لەماوەی رابردوش تورکیا تۆمەتی ئەندامێتی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان خستوەتە پاڵ و دەیانجار بۆردومانی کرد و شەهید و برینداری لێکەوتوەتەوە کە بەشێکیان ژن و منداڵن.

پەیوەندیدار