درەنگانی شەوی ڕابردوو لە نوسینگەی موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەئامادەبوونی مەحەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و کەسی یەکەمی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، کۆبوونەوە.
کۆبونەوەکە لەسەر گۆڕانکارییەکانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بووە لە پڕۆژە یاسای بودجەو نیگەرانیەکانی پارتی لەو بارەیەوە خراونەتەڕوو.
لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبونەوەکە جەختیان لەسەر زوو تێپەڕاندنی یاسای بودجە کردوەتەوە و کۆک بوون لەسەر ئەوەی پشتگیری کارنامەی حکومەتی سودانی و ڕێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بکەن.
لە کۆبونەوەکەدا نوری مالیکی و هادی عامری و هومام حەمودی و قەیس خزعەلی و حەیدەر عەبادی و چەند سەرکردەیەکی تری فراکسیۆنەکانی ناو چوارچێوە ئامادە بوون و بەپێی میدیاکانی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی، کۆبونەوەکە بۆ ئەوە بووە هەڵوێستی فەڕمی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بگەیەنرێتە پارتی لەسەر نیگەرانیەکانی لە گۆڕانکاری لەیاسای بودجە.