بەڵێن عەبدولڵا سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بەبۆنەی یادی 48 ساڵەی دامەزرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بافڵ جهلال تاڵهبانی دەکات، ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:
بەڕێز كاك بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
بابەت : پیرۆزبایی
سڵاوێكی گەرم..
بەبۆنەی یادی (48) ساڵەی دەمەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەناوی خۆم و هاوڕێیانم لە مەكتەبی سیاسی بەگەرمی پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابتان و ئەندامانی كۆمیتەی سەركردایەتی و هەموو ئەندام و لایەنگرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەم. ئومێدەوارم ئەم بۆنە هاندەربێ بۆ بەهێزكردنی یەكێتیی و پەرەپێدانی خەبات لە پێناو ماف و ئاواتە بەرزەكانی گەلەكەمان.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەماوەی تێكۆشانیدا، بە ڕێبەرایەتی سەرۆك مام جەلال ڕۆڵی دیاری هەبووە لە بەدیهێنانی ماف و دەستكەوتەكانی گەلەكەمان لە عێراقدا، ئیستاش یەكێتی هاوشانی حزبە كوردستانیەكان لەبەردەم بەرپرسیارێتی پەرەپێدانی دەستكەوتەكان و داكۆكیكردن لە مافە دەستورییەكان و پاراستن و بەهێزكردنی كیانی هەرێمی كوردستان و حوكمڕانییەكی دادپەروەرانە دایە. ئەمەش لەم ڕەوشەدا كە باشووری كوردستانی پێدا تێپەڕدەبێ. بەندە بە رێكەوتنێكی سیاسی پتەو لە نێوان حزبە كوردستانییەكان و بەرجەستەكردنی یەكڕیزیی كوردستانی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بۆ
پەرلەمانی كوردستان.
هەر لەم بۆنەیەدا، جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندی هاوخەباتی و دۆستانەی نێوان حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەمەوە.
لەگەڵ ڕێزمدا.
بەڵێن عەبدولڵا
سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان