دوای داگیرکردنی زەویەکانیان لەلایان سوپای عێراقەوە جوتیارانی تۆپزاوا مانگرتنیان ڕاگەیاند

بۆ جاری حەوتەم جوتیارانی کورد و تورکمانی گوندی تۆپزاوا و شارەدێی یایچی گردبوونەوە و مانگرتنیان ڕاگەیاند لە دژی داگیر کردنی زەوییە کشتووکاڵییەکانیان لەلایەن سوپای عێراق و عەرەبی هاوردەوە .

لە دواین پێشهاتدا سوپای عێراق داوا لە بەڕێوەبەرایەتی کشتووکاڵی کەرکوک کردووە ، تیمێکی تایبەتی خۆیان بنێرنە شارەدێی یایچی و ئەو زەوییانە دەستنیشان و ڕووپێوی بکەن کە لەسەردەمی ڕژێمی پێشوودا کراوە بەناوی وەزارەتی بەرگری عێراقەوە .

سامی مەعروف وەکو نوێنەری جوتیاران
سامی مەعروف وەکو نوێنەری جوتیارانی ناوچەکە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا وتی: لە ساڵی ١٩٧٥ەوە ئەم زەوییانەی ئێمە بە بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی حیزبی بەعس، لەژێر ناوی بەرژەوەندی گشتی و نزیک بوونی لەدامەزراوە سەربازی و نەوتییەکان داگیر کرا، و تەنها لەناوچەکەی ئێمەدا ١٣٥ هەزار دۆنم زەوی داگیر کراوە، لە ساڵی ١٩٧٥ ەوە هەتا ئێستا کە ٤٨ ساڵە ، ئەو بڕیارە وەکو خۆی ماوەتەوە و کاری پێدەکرێت .

سامی زیاتر باسی بڕیارەکانی داگیر کردنی زەوییە کشتووکاڵییەکانی کرد و وتی : لە دوای کەوتنی ڕژێمەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ بە بڕیاری بریمەر، دەوڵەت و سیستەم و کیانەکە ڕوخا بەڵام بڕیارەکە وەکو خۆی ماوەتەوە ، لە دوای نەمانی سوپاش لەو کاتەدا بە بڕیاری برێمەر موڵکەکانی وەزارەتی بەرگری خستە سەر وەزارەتی دارایی ، ماوەیەکی زۆری پێچوو کە سوپای عێراق دووبارە ڕێکخرایەوە ، بە بڕیاری ٢٤٣ لە ساڵی ٢٠٢٠ ، سوپای بۆی دیاری کراوە لە هەر شارێک لە چەند شوێنێک بارەگای هەبێت و تێیدا نیشتەجێ بێت و بکرێت بە سەربازگە، و لە کەرکوکیش بڕیارەکە جێبەجێ کرا و هەر کەسێکیش بگەڕێتەوە سەر بڕیارەکە دەزانێت کە سەربازەکانی وەزارەتی بەرگری لە کوێ نیشتەجێ کراون .

ئاماژەی بەوەشدا، بەداخەوە ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت، وەزارەتی بەرگری دەستی گرتووە بەسەر هەموو ئەو زەوییانەی لە سەردەمی ڕژێمی پێشوو خەڵکی ناوچەکانی ئێمەیان ئاوارەکرد و کران بەناوی وەزارەتەکەوە و کران بە سەربازگە، ئێستاکە دیسانەوە داوای ئەو زەوییانەمان لێ دەکەن کە لە ساڵانی ١٩٨٠ کراوە بەناویانەوە، نەک هەر کرا بەناوی وەزارەتەکەوە ، بەڵکو درا بە عەرەبی هاوردەش و کرا بە گرێبەست .

سامی لە بارەی هۆکاری بەردەوامی گردبوونەوەکانیانەوە دەڵێت: ئێمە ئێستاکە گردبووینەتەوە هیچ چارەسەرێکی ترمان نیە ، داوا لە هەموو لایەنێک دەکەین فریامان بکەون، بابەتەکە بابەتی بوونە، ئەگەر بێت و ئەم هەوڵانە سەربگرێت، کارەساتێکی زۆر گەورە دروست دەبێت، لێرە چەند بنەماڵەیەک نیە ، لێرە هەزاران کەسە. ئەوەی دوو ڕۆژە پێمان گەیشتووە بەڕێوبەری کشتووکاڵی کەرکوک نوسراوێک کراوە و ئاڕاستەی هۆبەی کشتوکاڵی ناوچەکەمان کراوە، و ڕەزامەندییان وەرگرتووە لە ناوچەی ئێمە لە قۆناغی یەکەمدا ٥٤ پارچە زەوی کە نزیکەی سێ هەزار دۆنم زەوییە ، بەنیازن لە هەفتەی داهاتوودا کاری لەسەر بکەن و ئیتر بە حکومی ئەوان ، ئەوان دەبنە خاوەنی ماڵ .

لە ڕوی یاساییەوە ، ئەو ناوچانە دەکەونە سنوری ناوچەی مادەی ١٤٠ەوە و نابێت بەبێ ڕەزامەندی لیژنەی مادەی ١٤٠ هیچ گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافی یان گۆڕانکاری لە زەوییە کشتووکاڵییەکاندا بکرێت، لەو بارەیەوە سامی وتی: بە پێی دەستوور ، ناوچەکانمان ناوچەی کێشە لەسەرە و مادەی ١٤٠ دەیگرێتەوە ، ئێمە مافی ئەوەمان هەیە کەس دەستکاری ئەم زەوییانەمان نەکات هەتا ئەم زەوییانە هەمووی بە فیلتەری مادەی ١٤٠ چارەسەر دەکرێت، بەڵام لێرە زۆر بەداخەوە دەڵێم ئێمە لەم بارودۆخە دیموکراتییەی کە ئێمەی تێداین یاسا لەگەڵمانە، دەستوور لەگەڵمانە ، بەڵام کەسی جێبەجێ کەرمان نیە ، ئەوەتا ئەوان بە نوسراوێکی زەمانی کۆن زەوییەکان داگیر دەکەن، ئێمەش لە ژێر دیموکراتیدا، بەم هەموو پەرلەمانتارەوە بەم هەموو حکومەت و سەرکردەوە، بە پێش چاویانەوە ئەمەمان پێ دەکرێت

پەیوەندیدار