وەزارەتی تەندروستی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی تای خوێنبەربون رێنمایی نوێی بڵاوکردەوە

وەزارەتی تەندروستی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی تای خوێنبەربون رێنمایی نوێی دەرکرد و دەڵێت، سەربڕینی ئاژەڵ لەماڵان بەهەمو شێوەیەک قەدەغەیە و سەربڕین تەنها لە شوێنی رێپێدراو دەبێت، هەروەها پێویستە هاوڵاتیان گۆشت لە شوێنی رێپێدراو بکڕن و دەستکێش لە دەستبکەن.

بەگوێرەی نوسراوێک کە واژۆی سامان بەرزنجی، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە و ئاڕاستەی تەواوی بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکانی هەرێم کراوە، تیادا هاتوە، ” سەربڕینی ئاژەڵ لەماڵان بەهەمو شێوەیەک قەدەغەیە و سەربڕین تەنها لە شوێنی رێپێدراو دەبێت، دەبێت قەسابەکان پابەندبن بە لەبەرکردنی خۆپاراستن بەتایبەتی دەستکێشی لاستیک و جلی تایبەتی خۆپارێزی لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵ یان گۆشت و خوێنەکەی بەشێوەی تەواو، لەکاتی سەرپێچی بەتوندی سزا دەدرێن”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، دوای سەربڕینی ئاژەڵ دەبێت شوێنەکە پابکرێتەوە، بە بەکارهێنانی گیراوەی کلۆر و بەکارهێنانی فاس، هەروەها بەهەمان شێوە دەبێت کەلوپەلی بەکارهاتو پاکبکرێتەوە.

لە نوسراوەکەدا هاتوە، پێویستە هاوڵاتیان گۆشتی سور لە شوێنی رێگەپێدراو بکڕن و دەستکێش لەدەست بکەن و ئاگاداربن دەستیان هیچ بریندارنەبێت و تەختەی لەت لەتکردنی گۆشت جیاوازبێت، پاشان شوێن لەتکردنەکە بە باشی پاکبکرێتەوە

پەیوەندیدار