ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ڕایدەگەیەنێت، کۆمپانیا ئەوروپییەکان بونەتەهۆی قەیرانی کەمی ئاو و پیسبونی ژینگە لە عێراقدا لەکاتێکدا ئەو کۆمپانیایانە پێشبڕکێ دەکەن بۆ قازانجکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و بەرهەمهێنانی زیاتری نەوت.
ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ڕاپۆرتێکی لەسەر دۆخی عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە، بەگوێرەی زانیاری شارەزایانی نێودەوڵەتی، کەمی ئاو لە عێراق هەزاران کەسی ئاوارە کردوە و ناسەقامگیری دروستکردوە، نەتەوە یەکگرتووەکان عێراقی بە پێنجەم وڵات ناودەبات کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانکاری کەشوهەوای لەسەرە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردەوە، لەکاتی دەرهێنانی نەوتدا، کۆمپانیاکان پێویستیان بە بڕێکی زۆر ئاو هەیە بۆ ناو زەوی. بۆ هەر بەرمیلێک نەوت کە بەشێکی زۆری هەناردەی ئەوروپا دەکرێت، سێ بەرمیل ئاوی پێویستە تا دەردەهێندرێت و لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق، ئاستی ئاو بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەدا هاتوە، کۆمپانیای Eniی ئیتاڵی لەساڵی 2009ەوە لە بەسرە کاردەکات بۆ گۆڕینی ڕێڕەوی ئاو لە کەناڵی بەسرەوە بۆ وێستگەی خۆی بۆ ئاوەی ئاو ببپاڵێوێت و مەترسی لافاو کەمبکاتەوە، بەڵام کۆمپانیانی بریتیش پیتڕۆڵیەم و ئێکسۆن مۆبیل کە لە نزیکی ئەو کۆمپانیا ئیتاڵییەکە کاردەکەن نزیکەی 25 %ی ئاوی ئەو ناوچەیە بەکاردەهێنن و بوەتەهۆی دابەزینی ئاو بەشێوەیەکی بەرچاو لە کەناڵی بەسرە.
وەلید حەمید، سەرۆکی فەرمانگەی ژینگە لە باشوری عێراق ڕایگەیاند: کۆمپانیاکان بە پێچەوانەی وڵاتانی دیکە کاردەکەن، زۆربەی کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت لە عێراق هیچ شتێک ناکەن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانیان لەسەر ژینگە، بەڵکو بۆ ئەوان هەرزانترە بەردەوام بن لە پیسبوونی ژینگە.