پێشتر لە بابەتێکی ئەم گۆشەیەدا ئاماژەم بە هێڵە گشتییەکانی عەدالەتی ڕاگوزار، وەک چەمک و بنەما سەرەکییەکانی کرد، بەڵام قوڵبوونەوە لە گرنگی ئەم چەمکە و پەیوەندیی ڕاستەوخۆیی بە پرۆسەی سیاسیی “بنیاتنانی دەوڵەتی عێڕاق”، وا دەخوازێ ئاماژە بە ڕێڕەوی مێژوویی سەرهەڵدانی ئەم چەمکە لە کۆمەلگای نێودەوڵەتی بکەین، هەرچەندە سەرجەم ئەزموونە جۆراجۆرەکانی جێبەجێکردنی عەدالەتی ڕاگوزار لە وڵاتانی جیاوازدا، ئاماژەیەکی ئەرێنی نابەخشێت و، تەنانەت سەرەتا دوای ڕوخاندنی رژێَمی دیکتاتۆری لە عێڕاق لە 2003 کە باس لە گرنگی و پێویستی عەدالەتی ڕاگوزار بۆ بنیاتنانی عیڕاق نوێ دەکرا، لەلایەن بەشێکی زۆری ڕێکخراوە جیهانییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، کە بانگەشەیان بۆ چەمکی عەدالەتی ڕاگوزار دەکرد، ئاماژەیان بۆ ئەزموونی باشوری ئەفریکا دوای نەهیشتنی سیستمی ئەپارتاتید دەکرد، لە کاتێکدا هەڵسەنگاندنی بابەتییانەی ئەزموونی ئەو وڵاتە کۆمەڵێک گرفتی گەورە دەخاتە ڕوو، تا دەگاتە گەیشتن بە کەلینی بەرچاو و نەبوونی متمانە نێوان سپی پێست و ڕەش پێستی ئەو وڵاتە. بە هەمان شێوە ئەگەر بڕوانینە چەمکی عەدالەتی ڕاگوزار لە وڵاتانی بەهاری عەرەبی، شکستی بەرچاوی ئەم چەمکە ڕوونە و کار دەگاتە نەبوونی.
بە شێوەیکی مێژووی چەمکی عەدالەتی ڕاگوزار دوای کۆتایهاتنی دووەمین شەڕی جیهان دەرکەوت و دەتوانین بلێن، کە دادگای نۆرمبرگ 1946 ـ 1949 و تۆکیۆ لە ساڵی 1946 شێوازێکی پراکتیکی سەرهەڵدانی ئەم چەمکە بوو و، تیایدا دان بە تاوان دژ بە مرۆڤایەتی نرا و، هەنگاوێکی سەرەتایی بەڵام پێنەگیشتوو بوو دەربارەی بیرۆکەی بنیاتنانی عەدالەت دوور لە تۆڵەسەندنەوە. ئەو دادگایانە بە هەنگاوێکی چلۆنایەتی لە باری پەرەپێدانی چەمکی تاوانی نێودەوڵەتی و گەڵاڵەبوونی چەمکی مافی مرۆڤ دادەنرێت.
ماوەی شەڕی سارد تا تەواوبوونی و کۆتایهاتن بە دوو جەمسەری، قۆناغێکی دیکەی گەڵاڵەبوونی چەمکی عەدالەتی ڕاگوزار بوو. لەم قۆناغەدا عەدالەتی ڕاگوزار بە شێوازی درووستکردنی لێژنەکانی بەدوواداچوون و ئاشکراکردنی ڕاستییەکان دەرکەوت. لە ساڵی 1974 لە ئۆگەندا لێژنەی لێکۆڵینەوە لە ونکردنی نەیارانی سیاسیی ئەو وڵاتە درووست بوو. بە هەمان شێوە ساڵی 1982 لە بۆلیفیا و ساڵی 1983 لە ئەرجەنتین بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی کەسانی ونکراو لەلایەن حوکمی سەربازی ئەم وڵاتە، ئەم جۆرە لێژنانە درووست بوو.
قۆناغی دوای کۆتایهاتنی شەڕی سارد و بوونی تاکە جەمسەری، قۆناغی سێیەمی چەمکی عەدالەتی ڕاگوزارە و، دەستێوەردانی هەمەجۆر و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی کارکردن بۆ عەدالەتی ڕاگوزار لەلایەن دەستڕۆیشتوان و زلهێزان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی شوناسی ئەم قۆناغەیە، کە جگە لە نموونەی ڕواندا، سەرجەم نموونەکانی دیکە سەرکەوتوو نەبووە و، ئەگەر ناوەندە سەرمایەدارەکان و سەنتەرەکانی توێژینەوەیان باسی سەرکەوتنی قۆناغی ڕاگواستن لە دەوڵەتانی کەمپی سۆشیالیستی دوای هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەت دەکەن، ئەوا هەنگاوەکان بە پاکتاوکردنی کەسایەتییە سیاسییەکانی قۆناغی ڕابووردوو دەستیپێکرد و، کارگەیشتە لە سێدارەدانی شاوشیسکۆ لە ڕۆمانیا بێ دادگاییکردنی و، هەنگاوەکانیش بۆ بەتایبەتکردنی ڕەهای بوارەکانی چالاکی ئابووری و ڕەشکردنی هەر بیرۆکەیەک باس لە یەکسانی و عەدالەتی کۆمەلایەتی و سۆشیالیزم بکات بەردەوام بوو.
لە وڵاتانی جیهانی سییەمدا ئەگەر نموونەی دەوڵەتی عێڕاق وەرگرین، کە دەستێوەردانی نێودەوڵەتی بەتایبەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تیایدا ڕوون بوو، زەقترین شێوازی شکستی چەمکی عەدالەتی ڕاگوزار بەدی دەکرێت.
ئەگەر لە ڕوانگەی پێناسەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڕوانیە عەدالەتی ڕاگوزار، بەو مانایەی، کە کۆمەڵیکی تەواو ئەو کار و ئاراستە و میکانیزمە پەیوەندیدارەیە، کە لەلایەن کۆمەڵگاوە پەیڕەو دەکرێت، بە مەبەستی حاڵیبوونی لە قورسایی پێشێلکارە فراوانەکان، کە لە ڕابووردوودا ئەنجام دراون، بە نیازی زامنکردنی لێپرسینەوە و بنیاتنانی عەدالەت و جێبەجێکردنی بەرژەوەندی قوربانییان و کۆمەڵگا، لە ڕێگای میکانیزمەکانی دەسەڵاتی دادوەریی و دەسەڵاتەکانی دیکە، کە هەڵبەتە بواری دەستوور و یاسادانان و تەنانەت کارکردن لەسەر بواری کەلتووری دەگرێتەوە، ئەوا دەتوانین بڵین، کە عەدالەتی ڕاگوزار بەو تێگەیشتنەی ئاماژەمان پێکرد گەورەترین شکستی لە ئەزموونی بنیاتنانی دەوڵەتی عێڕاق نوێی دوای دیکاتۆریی هێناوە.
ئەزموونی دەوڵەتی عێراق دوای دیکتاتۆری و ئەو هێزە سیاسییانەی، کە میراتی دەوڵەتی عێڕاقیان بۆ ماوەتەوە، کۆمەڵێک کار و ڕەفتار و هەنگاوی سیاسییان خستۆتە ڕوو، کە نەک تەنیا نەبوو بە پاکتاوکردنی لێکەوتەکانی دیکتاتۆری، بەڵکو بوو بە هۆی جێگۆڕکیکردنی هێز و پێکهاتە لە ناوەندنی دەسەڵات و بەردەوامبوونی ئاراستەی پەراویزخستن و پاکتاوکردنی دۆسێی ڕابووردووی ناکۆکی و ململانێ لە رێگای تۆڵەسەندنەوە و، مانەوەی قوربانی ڕاستەقینەی لێکەوتەکانی قۆناغی پێشووی دیکتاتۆری بێ قەرەبووکردنەوەی تاک و پیکهاتە و، ئاکامی ماوەی 2003 تا 2023 لە باسکردنی عەدالەتی ڕاگوزار، بریتی بوو لە زیادبوونی ناکۆکی نێوان پێکهاتە سەرەکییەکان و نەبوونی متمانە بە یەکتر و جێگۆڕکێ لە پەراوێزخستن و بەرپابوونی شەڕی تایفەگەری ئاینیی، و دواتر سەرهەڵدانی دزیوترین شێوازی تیرۆر کە لە نموونەی داعش بینرا و، جگە لە داڕمانی بنەما سەرەکییەکانی پرنسیپەکانی توافق و شەراکەت و هاوسەنگی، کە بناغەی بە فیدڕاڵبوونی دەوڵەت بوو.
چەمکی عدالەتی ڕاگوزار پێویستی بە دەستوورێک بوو، کە چاكسازی تێداكرابێت و توانای کۆکردنەوەی سەرجەم نەتەوە و ئاین و ئاینزا و پێکهاتەکانی دەوڵەتی هەبێت، بەڵام ئەوەی بە کردەوە ئەنجام درا دەستوورێكە، کە دوای تێپەربوونی نزیکەی 20 ساڵ لەسەر تەمەنی، پەنجا ماددە لەو دەستوورە، کە پێویستی بە قانونی تایبەتی خۆی هەیە، ئەنجام نادرێت.
دەستوورێک کە ئاماژە بە ماددەیەک دەکات بە کۆڵکەی چەمکی عەدالەتی ڕاگوزار دادەنرێت کە ماددەی 140ی دەستوورە، بەڵام لەلایەن هێزی سیاسی زۆربەوە جێبەجێ ناکرێت.
دەستوورێک کە دوو بڕگەی ماددەیەکی تایبەت بە سەرچاوەکەی لەگەڵ یەک ناکۆکن و، خەڵکیش چاوەڕیی عەدالەتی ڕاگوزاری لێ دەکات.
لە کاری سیاسی و دابینکردنی مافی قوربانییەکانی قۆناغی دیکتاتۆری، دیسانەوە دەسەڵاتی زۆربە بە دوو فاقی مامەڵە لە گەڵ قوربانییەکاندا دەکات و، بەشداربووانی ڕاپەڕینی باشوری عێڕاق کە پەنایان بەردە بەر رفحا لە عەرەبستانی سعودیە گەورەترین و زۆرترین قەرەبوو کرانەوە، بەڵام تا ئێستا خێزانی قوربانیانی ئەنفال کە 182 هەزار ئەنفالکراو لە کوردستان هەیە، تا ئیستا نەک قەرەبوو نەکراونەتەوە، بەڵکو تا ئێستا بەشی هەرەزۆری تەرمەکانیان لە بیابانەکانی عەرعەر و سماوە و شوێنەکانی دیکەی باشور زیندەبەچاڵکراون و بۆ زیدەی خۆیان نەگەڕاونەتەوە.
نموونەیەکی دیکەی دوو فاقی لە مامەڵەکردن لەگەڵ عەدالەتی ڕاگوزار خۆی لە دادگاییکردنی سەدام نواند. یەکەم کەیسی دادگاییکردن تاوانی دوجەیل بوو، کە قوربانییەکان چەند کەسێک بوون و حوکمی لە سێدارەدان بۆ سەدام بڕیاڕدرا، لە کاتێکدا کەیسی تاوانی ئەنفال کە قوربانییەکان 182 هەزار کەسە و کەیسی تاوانی هەڵەبجە کە پێنج هەزار کەس شەهید بوون خرانە دوای کەیسی دوجەیل.
بەشیک لە تەواوکردنی قۆناغی عەدالەتی ڕاگوزار، مەسەلەی نەهێشتنی سیاسەتی تەعریب و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی “ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش”ی حزبی بەعسە، کەچی لەم ڕۆژگارەدا لەسەر بنەمای ئەو بڕیارانە تەعریب و سیاسەتی گۆڕانکاری دیموگرافی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، دەکرێت.
ئەمانەی ئاماژەمان پێکرد مشتێکە لە خەروارێک، کە دیاردەی زەق و دزێون و نموونەیەکی بەرچاوی شکستیبوونی چەمکی عەدالەتی ڕاگوزارە لە عێڕاق و، بەم جۆرەش ناکرێ چاوەڕوانی دەوڵەتی دیموکراسی و هاووڵاتی و مافی مرۆڤ بین و، ئەم ڕەوشەش وا دەخوازێ کە بەرنامە و هێڵی پۆخت و پێویستی چەمکی عەدالەتی ڕاگوزار بخەینە ڕوو.
دكتۆر کاوە مەحموود