بەگرێبەستێكی سێ ساڵە لیۆنێل میسی پەیوەندی بە یانەی ئینتەر میامیەوە كرد

گرێبەستەکەى میسى لەگەڵ ئینتەر میامى بۆ سێ ساڵە و دەتوانێت دواى هەر ساڵێک گرێبەستەکەى هەڵبوەشێنێتەوە.

دواى ئەوەى لیۆنێل میسى ئەرجەنتینى یاریزانى پێشووى پاریس سان جێرمانى فەڕەنسى پەیوەندیکردنى بە یانەى ئینتەر میامى ئەمریکییەوە ڕاگەیاند، لە ئێستادا وردەکانى گرێبەستەکەى لەگەڵ یانە ئەمریکیەکە بڵاوکراوەتەوە.

گاستۆن ئیدۆڵى ڕۆژنامەنوسى بەناوبانگى تۆڕى تى واى سى سپۆرتى ئەرجەنتینى لە پێگەى تایبەتى خۆى لە تویتەر ئاشکرایکردووە، کە میسى بەجۆرێک گرێبەستەکەى لەگەڵ میامى ئەنجامداوە، کە هەر کاتێک بیەوێت لە ماوەیەکى دیاریکراودا هەڵیبوەشێنێتەوە.

ئیدۆڵ ڕوونیکردووەتەوە و دەڵێت “گرێبەستەکەى میسى لەگەڵ میامى بۆ سێ ساڵە، بەڵام هەر ساڵێکیان لەوى تر جیاوازە، میسى دەتوانێت لە حوزەیرانى هەر ساڵێک یەکلایەنە گرێبەستەکەى هەڵبوەشێنێتەوە و نوێى نەکاتەوە بۆ وەرزى نوێ”.

ئیدۆڵ باسى لەوەشکردووە، هەر کاتێک حوزەیران تێپەڕى و میسى داواى هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستەکەى نەکرد، ئەوا ئۆتۆماتیکى گرێبەستەکەى بۆ وەرزى داهاتوو نوێدەبێتەوە.

ئینتەر میامى سێیەم یانەیە میسى لە کاروانە وەرزشیە پیشەگەرەکەیدا یارى بۆ بکات لە دواى پاریس سان جێرمان و بەرشەلۆنە، کە لەگەڵیادا 853 یارى کردووە و 704 گۆڵى تۆمارکردووە.

پەیوەندیدار