رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەھۆی راگرتنی ھەناردەی نەوتەوە، ھەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە، بڕیارە ھەفتەی داھاتووش عێراق و تورکیا دانوستانە تەکنیکییەکان دەستپێبکەنەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەوە زانیاری سەبارەت بە زیانەکانی راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە، ٨٠ رۆژە ھەناردەکردنەکە راگیراوە و بەھۆیەوە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار زیان بەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان کەوتووە.
راشیگەیاندووە، بڕیارە عێراق و تورکیا سەرەتای ھەفتەی داھاتوو دانوستانی تەکنیکی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت دەستپێبکەنەوە، بەڵام ھیواکان بۆ گەیشتن بە چارەسەر لاوازن.
لێپرسراوێکی عێراقیش لە کۆمپانیای نەوتی باکور بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتووە، کۆمپانیای وزەی تورکی رایگەیاندووە کە بۆرییە نەوتییەکان پێویستیان بە پشکنین ھەیە بەر لەوەی دەستبکەنەوە بە کارکردن.
ھەر بەپێی رۆیتەرز، چاوەڕواندەکرێت وەفدێکی وزەی تورکی سەردانی بەغداد بکەن، بەڵام ھێشتا وادەی سەردانەکەیان دیارینەکراوە.