بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لەبارەی بڵاوبونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربون هۆشداری دەدات و دەڵێت، نەخۆشی تای خوێنبەربون بڵاوە لە هەمو پارێزگاکانی عێراقدا تۆمارکراوە و ژمارەی مردن زۆر زیادیکردوە و نەخۆشییەکە زۆر مەترسیدار و کوشندەیە و لە هەردو کەسێک کە توشی نەخۆشیەکە دەبێت کەسێکیان ئەگەری مردنی زۆرە، دەشڵێت، “داوا لە هێزە ئەمنیەکان دەکەم هەر کەسێک پابەندی رێنماییەکان نەبێت دەستگیری بکەن”.
د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “نەخۆشی تای خوێنبەربون بڵاوە لە هەمو پارێزگاکانی عێراقدا تۆمارکراوە و ژمارەی مردن زۆر زیادیکردوە و نەخشییەکە زۆر مەترسیدار و کوشندەیە و لە هەردو کەسێک کە توشی نەخۆشیەکە دەبێت کەسێکیان ئەگەری مردنی زۆرە، بۆیە دەبێت بەوریاییەوە سەیری ئەم نەخۆشییەکە بکەین”.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەکو تەندروستی سلێمانی رێکاری خۆیان دەگرنەبەر و بەڕێوەبەرایەتی ڤێرتەرنەری سلێمانی رێکاری خۆی دەستپێکردوە و لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی کارەکانیان ئەنجامدەدەن و ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەڵێت، “داوا لە مامۆستایانی ئایینی دەکەم بۆمان رونبکەنەوە ئەگەر هاوڵاتییەک بیەوێت قوربانی بکات یاخود خێر بکات ئەگەر ئەم قوربانیە ببێتە هۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشی ئایا خێری دەگات یاخود قوربانیەکەی بۆ دەنوسرێت؟ ئێمە ناڵێین خەڵک قوربانی نەکەن بەڵام ئەو کەسانەی قوربانی دەکەن پێویستە دڵنیابن لە سەرچاوەی ئەو گۆشتەی کە دەیدەن بە هاوڵاتیان ئەویش دەبێت لە سەربڕەخانەکان ئەو گۆشتە بکڕدرێت یاخود ئاژەڵەکان پشکنینی بۆ بکرێت”.
ئەوەشی خستەڕو، “داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکەم ئەو کەسانەی کە پابەند رێنماییەکان نابن و گۆشتی نایاسایی کە دەیکەن بە خێر یاخود دەیفرۆشن دەستگیربکرێت و دەتوانین سکاڵایان لەسەر تۆماربکەین، هەروەها داوا لەو کەسانە دەکەم کە ئاژەڵ دەفرۆشن یاخود سەردەبڕن رێنماییەکان جێبەجێ بکەن و زۆر بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بکەن”.