پژاک لەسەر هێرشەکانی کۆساڵان هۆشداریی دەداتە ئێران و ڕایدەگەیەنێت، ئەوان بە گوێرەی ئاگربەست دەجوڵێینەوە، دەبێت دەوڵەتی ئێرانیش بەو ئاڕاستەیەدا هەنگاو بنێت و بجوڵێتەوە چونکە بە پێچەوانەی ئەو هەنگاوە وەڵامی هێرشەکان دەدەنەوە.
شیار شەڤگەر یەکێک لە فەرماندەکانی یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان باڵی سەربازی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لەبارەی پێکدادانەکانی ناوچەی کۆساڵان وتی، هەواڵگریی ئێران زانیاریی لەبارەی پەژاکەوە دەداتە دەوڵەتی تورکیا و هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا لەو چوارچێوەدا و پاڵپشت بەو زانیاریانە هێرش دەکەن کە ئەوەش رێککەوتنێکی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە.
وتیشی: هەڵوێستی ئێمە بەرامبەر بەم دۆخە دیارە؛ جوڵانەوەیەک کە بانگەشەی تێکۆشانی شۆڕشگێڕی دەکات، ئەگەر دەستبەرداری چەک بێت، ئەمە بە واتای مردنیەتی. لەم سەدەیەی ئێمەی تێداین ئەگەر خاوەنی هێزی سەربازیی و بەرگریی نەبێت، بە ئیرادە و هێزی خۆبەڕێوەبەری خۆی نەتوانێت کۆمەڵگاکەی بپارێزێت، هیچ واتایەک بۆ تێکۆشانی شۆڕشگێڕی نامێنێتەوە.
ئەو فەرماندەیەی یەرەکە دەشڵێت، “ئێمە بە گوێرەی ئاگربەستەکە دەجوڵێینەوە، دەبێت دەوڵەتی ئێرانیش بەو جۆرە بجوڵێتەوە و مامەڵە بکات ئێمە لەپێناو وڵات، گەلەکەمان و گەلانی بندەست تێدەکۆشین و هێزێکی بەرگرین، ئێمە لایەنگری دیالۆگ و چارسەرین، ئێمە لایەنگری شەڕ نین بەڵام ئەگەر هێرش بکرێتە سەر گەلەکەمان ئێمە وەڵامی ئەوە دەدەینەوە.”
شیار شەڤگەر رایگەیاند، سوپای پاسداران نیازی هەیە کە لە سەر چەند گرد و شاخی ئەوێ جێگیر ببێت و وتی، ” بەڵام نابێت ئەوە لە بیر بکەن؛ ئێمە گەریلاین و لە هەموو شوێنێکی کوردستانین، بە گوێرەی ئەوان ئەگەر هەندێک گرد و شوێن بەدەستبهێنن، گەریلا ئیتر ناتوانێت لەوێ بمێنێتەوە، دەستبەسەرداگرتنی ئەو شاخانە هەڵەیە، دەبێت ئێران ئاگربەست وەک دەرفەتێک نەقۆزێتەوە ئێستا هەڤاڵانمان دانیان بە خۆیاندا گرتووە کە هێرش نەکەن.
هەشت رۆژە سوپای پاسداران هێرشی کردوەتەوە سەر ناوچەکانی کۆساڵان و بەهۆیەوە پێکدادان لەنێوان سوپای پاسداران و گەریلاکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) دەستی پێکردوە کە تا ئێستا کوژرانی دوو ئەندامی سوپای پاسداران و برینداربونی هەشت کەسی ئەو سوپایە راگەیەنراوە.