ئەندامێکی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، توركیا کۆمەڵێک مەرجی هەیە، یەکێک لەمەرجەکانیشی ئەوەیە، ببێتە لایەنی سێیەمی رێکەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ دۆسیەی نەوت و دەشڵێت، “شاندی وەزارەتی وزەی تورکیا لەبەغدایەو بەردەوامە لەگفتوگۆ و دانوستانەکانی”.
د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق، بە خەندانی راگەیاند، ئەمڕۆ شاندێکی وەزارەتی وزەی تورکیا سەردانی بەغدایان کرد، بەمەبەستی گفتوگۆکردن و رێکەوتن لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
وتیشی، “بابەتی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان هەم بابەتێکی تەکنیکی و یاسایی و سیاسیشە، لەڕوی تەکنیکییەوە شاندێک هاتبونە بەغدا لایەنی تەکنیکیان باس کرد، بەو شێوازە بۆریەکانی نەوت و شێوازی ناردنەکەیان خستەڕو بۆ هەردو وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و نەوتی عێراق”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەوەی دەمێنێتەوە لایەنێکی یاسایی هەیە تایبەت بەبڕیاری دادگای پاریسی نێودەوڵەتی کە بڕیاریداوە بەقەرەبوکردنەوەی عێراق بەبڕی ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار، لایەنی تورکیا داوایکرد، ئەو قەرەبوە هەڵبوەشێندرێتەوەو سکاڵاکەی عێراق هەڵبگیرێت، لەڕویەکی دیکەشەوە رێکەوتنێکی سیاسی لەنێوان هەولێر و بەغدا دەکرێت، دەبێت تورکیا لایەنی سێیەمی رێکەوتنەکە بێت و بۆچونی خۆی هەبێت، نابێت بەدەر لەبۆچونی تورکیا هەرێم و بەغدا رێکەوتن بکەن، ئەمەش دەستوەردانێکی رونە لەکاروباری ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام تورکیاش هێزێکی نێودەوڵەتییەو خۆیان لەسەر زۆر بابەت فەرز دەکەن.”
سەبارەت بەوەڵامی لایەنی عێراقی، سەباح سوبحی ئاشکرایکرد، “دانوستانەکان بەردەوامن و لایەنی عێراقی بەراسپاردە داواکارییەکانی تورکیا بۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران دەنێرێت بۆئەوەی بڕیاریان لەسەر بدرێت، لەئێستاشدا شاندەکە لەبەغدایە و بەردەوامە لەگفتوگۆ و دانوستانەکانی.”