ھێزێکی سوپای عێراق ھەڵیکوتایە سەر جوتیارانی گوندی پەڵکانە

درەنگانیی شەوی رابردو هێزێکی سوپای عێراق هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندەی پەڵکانە لە سنورى ناحیەى سەرگەڕان و کەرەستەی ئاودێری و ئامێری کشتوکاڵی جوتیارە کوردەکانیان بردوە.
محەمەد ئیسماعیل، نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان بە میدیاکانی راگەیاند، کاتێک هێزەکە زانیویانە جوتیارە کوردەکان خەریکی ئاودێرین هەڵیانکوتاوەتە ساریان و کەرەستەی ئاودێری و ئامێرە کشتوکاڵییەکانیان بردوە، بەڵام هیچ کەسێکیان دەستگیر نەکردوە.
وتیشی: ئامانجی سوپای عێراق لەو کارە بێزارکردنی جوتیارانی کوردى گوندەکانی سنوری ناحیەی سەرگەڕانەوە، دەیانەوێت لە رێگای ئەو رەفتارانەوە جوتیاران ناچاربکەن گوند و زەوی و زارەکانیان جێبهێڵن.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو هێزەی شەوی رابردو چوتە سەر گوندی پەلکانە سەر بە فیرقەی 8ی سوپای عێراقن و پێشتریش چەندین جار چونەتە سەر گوندەکانی ناوچەکە و بەبێ هۆ جوتیارە کوردەکانیان دەستگیرکردوە دواتر بە کەفالەت ئازاد کراون.
ئەمە چەندین جارە، سوپای عێراق هەڵدەکوتێتە سەر گوندەکانی سنوری ناحیەی وەرگەڕان، بە تایبەت دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ـەوە، عەرەبە هاوردەکان بە پاڵپشتی هەندێک هێزی عێراقی هەڕەشە لە هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکەن و زەوی و خانووەکانیان داگیر دەکەن.

پەیوەندیدار