ئەنجومەنی گشتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆبوەوە

بۆ گفتوکۆکردن لەسەر بارودۆخی سیاسی کوردستان و ناوچەکە، هەروەها هەڵسەنگاندنی کاروباری ناوخۆی حزب، ئەنجومەنی گشتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆبووەوە.
رۆژی شەمە ٢٤ی حوزەیرانی ، ٢٠٢٣ ئەنجومەنی گشتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە سەرپەرشتی بەهمەن حوسێن بەرپرسی ئەنجومەن و ئەندامانی ئەنجومەن لە بارەگای مەکتەبی سیاسی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
لە تەورەی بارودۆخی سیاسیدا، کۆبوونەوە هەڵوەستەی لەسەر ڕەوشی سیاسی هەرێمی کوردستان و پاشەکشەی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی سیاسی و ئابوری و ئەمنی کرد.
کۆبوونەوە ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی بە هۆکاری سەرەکی ئەو پاشەکشەیە زانی کە ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، کە ئەمەشیان وەک خاڵی نەرێنی لە لەیەن بەغداوە دژ بە هەرێمی کوردستان قۆستراوەتەوە، ئامانجیش لێی زیاتر لە قالبدان و بچووکردنەوەی هەرێمی کوردستانە.
لەو بارەیەوە ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا، لەبەرامبەردا درێژکردنەوەی بێ بیانووی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، هۆکاربوون بۆ ئەوەی دادگای فیدرالی بە بڕیارێک درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بە نایاسایی لەقەلەم بدات، کە ئەنجامەکەشی درووستکردنی بۆشاییەکی دامەزراوەیی یاسادانانی لێبکەوێتەوە بە شێوەیەک کە پرکردنەوەی ئەو بۆشاییە بۆتە ئاستەنگێکی گەورە.
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی بە نیگەرانیەوە ڕوانیە دیاردەی کووشتن و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستاندا، لەوبارەیەوە سەروەر نەبوونئ یاسا و بەربڵاوی دیاردەی چەکداری بە هۆکاری ئەو دیاردەیە زانی.
هەروەها تیرۆری سیاسی کە تیایدا پەنابەرانی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا دەکرێنە ئامانج، بەکارێکی تیرۆرستی لەقەڵەمدا جا بکەرەکەی هەر لایەنێک بێت.
لە تەورەیەکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی هەڵوەستە لەسەر خرابی ژیان و گوزەرانی خەڵک کرایەوە، لەو بارەیەوە باشکردنی خزمەتگوزاریەکان و رەخساندنی هەلی کاری بە ئەرکی سەرشانی حکومەتی هەرێم زانی.
لە کۆتاییدا کۆبوونەوە بە وەرگرتنی چەند بڕیار و راسپاردەیەک بە کۆتاهات کە خزمەت بە تێکۆشانی حزبی زەحمەتکتێشانی کوردستان دەکات.

پەیوەندیدار