گروپى ڤاگنەر شەری دژی روسیا راگەیاند و دەڵێت: تۆڵە لە روسیا دەکەنەوە، ئەمەش دۆخى نەخوازراوى لە روسیا هێناوەتە ئاراوە و چەکى قورس لەو وڵاتە بڵاوەى پێکراوە وەزارەتى بەرگرى روسیش دەڵێت: ئەم تۆمەتانەى گروپەکە دروستیان کردوە “هەراسانکەرن”.
یێڤگینی پریگۆجین، فەرماندەی گروپی شەڕکەری ڤاگنەر، لە تۆمارێکی دەنگیدا بە فەرمی شەڕی دژی سوپای روسیا راگەیاند و ئاماژەی بەوەشکردوە، هێزەکەیان ژمارەیان 25 هەزار کەسە و دەیانەوێت گەلی روسیا ئازادبکەن لەو سیستمەی لە مۆسکۆ حوکم دەکات، بەرپرسانی روسیاش فەرماندەکەی ڤاگنەر بە هەڵگەراوە وەسف دەکەن.
سەرۆکى گروپەکە دەڵێت: کاتێک ئەوان لە شەڕى دژى ئۆکرانیادا بون، روسیا بە موشەک هێرشى کردوەتە سەریان و ژمارەیەک چەکدارى کوشتون، دەشڵێت: لە هێرشى نهێنیدا تۆڵە دەکەینەوە.
لەبارەى رێگریکردن لە هێرشەکانى ئەم گروپە پریکۆجین دەڵێت: هەرکەس بێتە سەر رێگامان بە مەترسیی دەزانین و بە زوترین کات تێکیدەشکێنین.
لەبارەى ئەم وتانەى فەرماندەى گروپى شەڕکەرى ڤاگنەریشەوە، وەزارەتى بەرگرى روسیا بە تۆمەت ناوى برد و وتى: ئەم بڵاوکراوانەى پریکۆجین هەراسانکەرن.
لە بەرامبەردا فەرماندەى هێزە ئاسمانیی روسیا لە تۆمارێکى ڤیدیۆییدا دەڵێت: دوژمنەکان چاوەڕێی ناکۆکى ناوخۆیی روسیان تا بەکاریبهێنن، بۆیە پێویستە فەرماندەى گروپى ڤاگنەر بوەستن و هێزەکانیان بگەڕێننەوە بۆ شوێنەکانیان.
وتیشى: مایەى قبوڵکردن نییە لەم دۆخەى ئێستادا لە بەرژەوەندى دوژمن جوڵە بکەین و پێویستە پابەندى بڕیارەکانى سەرۆکى روسیا بین.
هاوکات جۆن کێربی وتەبیژی ئاسایشی کۆشکی سپی رایگەیاند: چاودێریی جوڵەکانی ڤاگنەر دەکەن و لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان تاوتوێی دۆخەکە دەکەن، باسی لەوەشکرد، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، لەسەرجەم پێشهاتەکانی دۆخی روسیا ئاگادار کراوەتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لەسەرەتاى دەستپێکى شەڕى نێوان روسیا و ئۆکرانیا، گروپى ڤاگنەر هاوکارى سەرەکى روسیا بون و رۆڵى بەرچاویان هەبوە لە داگیرکردنى هەرێمى دۆنباس و چەندین دەستکەوتى دیکە بۆ روسیا لەو شەڕەدا.