سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: “کابینەکەمان سوورە لەسەر کۆتاییهێنان بە توندوتژییەکانی تایبەت بە چەک، ئەمریکا دەکەینە شوێنێکی پارێزراوتر بۆ هەمووان”.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵیادی خستنە بواری جێبەجێکردنی یاسای تایبەت بە سنووردار کردنی هەڵگرتنی چەک، لە هەژماری خۆی لە تۆڕێ کۆمەڵایەتی تویتەر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە بەدرێژایی ٢٠ ساڵ بۆ زیاتر قازانج کردنی بەرهەمهێنەرانی چەک، لە ئەمریکا بەشێوەیەکی هەڕەمەکی چەک دەفرۆشرا و نوسیویەتی: “پێویستە لەمەودوا رێگری لە بەرهەمهێنەرانی چەک بکرێت لە بەرپرسیارییەتی هەڵبێن و بەرپرسیارێتییان بخرێتە ئەستۆ”.
بایدن نوسیویشیەتی: “کابینەکەمان سوورە لەسەر کۆتاییهێنان بە توندوتژییەکانی تایبەت بە چەک، ئەمریکا دەکەینە شوێنێکی پارێزراوتر بۆ هەمووان”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشداوە کە یاسای تایبەت بە سنووردار کردنی هەڵگرتنی چەک کە ساڵی رابردوو واژۆ کرا، گرنگترین یاسای تایبەت بە ئاسایشی چەکە کە لە چەند ساڵی رابردوودا دەرکرابێت.
یاساکە لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٢دا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە ١٩٣ دەنگی “نەخێر” بەرامبەر بە ٢٣٤ دەنگی “بەڵێ”، پەسەند کرا.
بەم یاسایەش کۆنگرێسی ئەمریکا لە ماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا بۆ یەکەم جار یاسایەکی تایبەت بە کۆنترۆڵ کردنی چەکی دەرکرد.